کوردستان

10:21 - 20/12/2018

ئاڵدار خەلیل: ئومێدی خۆمان بەهیچ هێزێكی بیانیەوە گرێنەداوە‌

پەیسەر

بەرپرسێكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنێت لەشۆرشەكەیاندا ئومێدیان بەهیچ هێزێكی بیانیەوە گرێنەداوە، ئەم لێدوانەش دوای بڕیاری ئەمریكا بۆ كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا هاتووە. 

  ئاڵدار خەلیل بەرپرسی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی بزوتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكراتی، بە ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوزی راگەیاند: هیچ رۆژێك ئومێدی خۆیان بۆ سەركەوتنی شۆرشی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەسەر هیچ هێزێكی بیانی گرێنەداوە، بەڵكو پشتیان بەتوانای خۆیان بەستووە و هیچ رۆژێكیش نەیانگوتووە هێزێكی بیانی ئەوان دەپارێزێت.

خەلیل راشیگەیاند: بەقۆناغێكی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین ئەوەش وایان لێدەكات هەڵسەنگاندنێكی باشی بۆ بكەن و خۆمان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بكەین.
ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەیەكی زۆرە ئەردۆغان هەڕەشە لە ئەزمونی رۆژئاوا و باكوری رۆژهەڵاتی سوریا دەكات، پێشتر یارمەتی رێكخراوی تیرۆرستی داعشیدا بۆ هێرشكردنە سەر كۆبانێ و دواتریش هێرشی كردە سەركانتۆنی عەفرین و تەواوی رێگا سیاسی و دیبلۆماسیەكانی گرتۆتەبەر بۆ لەباربردنی شۆرشی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئاڵدار خەلیلی دەشڵێت: هێزەكانیان توانای ڕووبەڕووبونەوەی هەڕەشەكانی ئەردۆغانیان هەیە، داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد پشتیوانی گەلی سوریا بكەن، دەشڵێت ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندووە هێزەكانیان لە سوریا دەكێشنەوە، بەڵام دیار نیە كەی ئەو پرۆسە و چۆن بەرێوەدەچێت..
.