کوردستان

12:09 - 12/12/2019

سه‌رۆك كۆمار نایه‌وێت ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت‌

پەیسەر


ماوه‌ى شه‌ش رۆژ له‌به‌رده‌م به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق ماوه‌، بۆئه‌وه‌ى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بكات، سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداریش ده‌ڵێت، سه‌رۆك كۆمار ده‌یه‌وێت پێش ته‌واوبوونى ماوه‌كه‌ كاندید پێشكه‌ش بكات.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆماره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، به‌رهه‌م ساڵح هه‌وڵه‌كانى چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى یاساییداو پێش ١٩ی مانگ، كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بكات. ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌دواى ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك وه‌زیران بۆ سه‌رۆك كۆمار ده‌گوازرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ دیارینه‌كرێت، به‌وجۆره‌ش ئه‌گه‌ره‌كانى لابردنى له‌پۆستى سه‌رۆك كۆمار زیاتر ده‌بێت و ناڕه‌زایى زیاتر رووى تێده‌كات، نایه‌وێت له‌م دۆخه‌دا به‌رپرسیارێتى وا له‌ئه‌ستۆ بگرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان دوو فراكسیۆن پشتیوانى مانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح ده‌كه‌ن له‌ پۆسته‌كه‌ى، فراكسیۆنه‌كانى دیکه‌ رایانگه‌یاندووه‌، پشتیوانى مانه‌وه‌ى ناكه‌ن ئه‌گه‌ر له‌په‌رله‌مان بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

یه‌كى ئه‌م مانگه‌، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى په‌سه‌ندكرد، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران داواى له‌ سه‌رۆك كۆمار كرد كاندیدێكى دیكه‌ پێشكه‌ش بكات. به‌پێى بڕگه‌ى دووه‌مى مادده‌ى ٨١ی ده‌ستوور ده‌بێت له‌ماوه‌ى ١٥ رۆژدا سه‌رۆك كۆمار كاندید پێشكه‌ش بكات. به‌پێى بڕگه‌ى یه‌كه‌مى هه‌مان مادده‌ به‌هه‌ر هۆیه‌ك پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران چۆڵ بێت، سه‌رۆك كۆمار جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه‌.