کوردستان

04:08 - 11/12/2019

پرۆژه‌كه‌ى مه‌لابه‌ختیار بۆ كۆنگره‌ ره‌تكرایه‌وه‌‌

پەیسەر


پرۆژه‌كه‌ى مه‌لابه‌ختیار بۆ كۆنگره‌ى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ره‌تكرایه‌وه‌، پرۆژه‌كه‌ى له‌ كۆنگره‌ ناخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌و ناخوێندرێته‌وه‌. مه‌لابه‌ختیار هه‌ڕه‌شه‌ى به‌شدارینه‌كردنى كردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، پرۆژه‌كه‌ى مه‌لابه‌ختیار كه‌ بۆ كۆنگره‌ى یه‌كێتى ئاماده‌یكردبوو، نابرێته‌ كۆنگره‌. له‌كاردانه‌وه‌ى ئه‌وه‌دا مه‌لابه‌ختیار هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌یكردووه‌، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌ى نه‌برێته‌ كۆنگره‌ به‌شدارى كۆنگره‌ ناكات و بایكۆتى ده‌كات.

به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌ك پرۆژه‌ ده‌برێته‌ كۆنگره‌ یه‌كێتى، كه‌ پرۆژه‌ى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى یه‌كێتییه‌وه‌ ماڵى تاڵه‌بانى ده‌ستكارى و سه‌رپه‌رشتییان كردووه‌. مه‌لا به‌ختیار پێشتر به‌شداریكردنى له‌ كۆنگره‌ به‌ستبووه‌وه‌ به‌ پرۆژه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبوو.

مه‌لا به‌ختیار پێشتر له‌ نوسینێكیدا بۆ رۆژى شه‌هیدى یه‌كێتى نوسیبووى:"یەكێـتی بە پارە رشتن و پیلان داڕشتن لەكۆنگرەدا هەڵناسێتەوە. بەڵكو بە ویژدان، بەرنامەی نوێ، رەخنە لەخۆگرتن و تێگەیشتن لە ئەركەكانی سەردەمی جیهانگیری، یەكێتی دەخرێتەوە سەر رێچكەی ئومێدی ناوخۆیی و متمانەی جەماوەری، چاوی ئومێد بڕاوەتە كۆنگرە.. ئومێدەوارین، لەیادی شەهیدی یەكێتیدا، یەكێتیەكان نائومێدنەكرێن. لەسەر كێل بە كێلی ئەم شەهیدانە، فرمێسك دەڕێژم".