کوردستان

04:26 - 10/12/2019

عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆچى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غداى واژۆ نه‌كرد؟‌

پەیسەر


عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ژێر فشارى چه‌ند لایه‌نێكى شیعه‌دا، ئاماده‌نه‌بووه‌ واژۆ له‌سه‌ر رێككه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا بكات و پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكات. بڕیاره‌ حكومه‌تى هه‌رێم شاندێكى دیكه‌ ره‌وانه‌ى به‌غدا بكات و قسه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌كان بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، چه‌ند لایه‌نێكى شیعه‌كان، كه‌ ناوى كوتله‌كانى هه‌ریه‌ك له‌ نورى مالیكى و حه‌یده‌ر عه‌بادى ده‌هێندرێت، هۆشدارییان به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى داوه‌ كه‌ پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌كات و به‌وجۆره‌ ده‌نگى پێناده‌ن.

دواى هۆشدارى لایه‌نه‌كان، عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایگه‌یاند، حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر ناتوانێت پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، بڕیاره‌ دواى ره‌وانه‌كردنى پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان شاندێك ره‌وانه‌ى به‌غدا بكات. شانده‌كه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌كات بۆئه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌كانیان ده‌نگ به‌ پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ بده‌ن و رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا له‌ په‌رله‌مان ره‌تنه‌كرێته‌وه‌.