06:08 - 09/12/2019
خۆپیشانده‌ران دروشمى"بڕۆ"روو له به‌رهه‌م ساڵح ده‌كه‌ن
سبه‌ینێ سێشه‌ممه خۆپیشاندانه‌كانى عێراق پێده‌نێنه قۆناغێكى نوێوه، ئاماده‌كارى بۆ خۆپیشاندانى پێنج ملیۆنى كراوه، بڕیاره خۆپیشاندانه‌كان له چه‌ندین شار به‌ڕێوه‌بچن، ئه‌مجاره داواكارى خۆپیشانده‌ران رووه‌و سه‌رۆك كۆماره‌و پێده‌چێت سبه‌ینێ ئیدیى خۆپیشانده‌ران داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنەران بكه‌ن.
سبه‌ینێ خۆپیشاندانى پێنج ملیۆنى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس یه‌كێك له داواكارییه‌كانى خۆپیشانده‌ران ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆك كۆمار دەبێت، ده‌نگۆى ئه‌وه هه‌یه ژماره‌یه‌ك چالاكوان، به كوردى و به عه‌ره‌بى دروشم بۆ سه‌رۆك كۆمار بنوسن و داواى لێ بكه‌ن ده‌ستبه‌ردارى پۆسته‌كه‌ى بێت.
خۆپیشانده‌ران به هیچ كام له‌و كاندیدانه رازى نین، كه دیاریكراون بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، سبه‌ینێ سه‌باره‌ت به كاندیده‌كانیش هۆشدارى به سه‌رۆك كۆمار ده‌ده‌ن. به‌شێك له‌لایه‌نه شیعه‌كان پشتیوانى داواكارى خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن، بۆ لادانى به‌رهه‌م ساڵح له پۆسته‌كه‌ى.
مه‌ترسى هه‌یه له خۆپیشاندانه‌كه‌ى سبه‌ینێ، په‌لامارى كۆشكى كۆمارى بدرێت(كۆشكى سه‌لام)، به‌پێى زانیارییه‌كان به‌شێك له به‌رپرسان له‌سه‌ر ئاستى وه‌زیرو بریكارو به‌رپرسان شارى به‌غدایان جێهێشتووه. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا چه‌ند كه‌سێك بۆپۆستى سه‌رۆك وه‌زیران ناویان هێندراوه‌و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌شێك له نوێنه‌رانى خۆپیشانده‌ران كراوه بۆ ئه‌وه‌ى بۆچوونه‌كانیان ده‌ربارى ئه‌و كاندیدانه وه‌ربگیرێت. به‌ڵام خۆپیشاندان هه‌موو ئه‌و كاندیدانه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه.
باس له‌وه‌ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له ئیبراهیم جه‌عفه‌ریی، فالح فه‌یاز، عه‌لى شوكرى و چه‌ند به‌رپرسێكى دیكه له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌دان كه ره‌تكراونه‌ته‌وه.