کوردستان

10:07 - 08/12/2019

پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر كانديدى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ناكۆكن‌

پەیسەر


پارتى و یه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانى عێراق ناكۆكن، پارتى هۆشداریده‌دات به‌ به‌رهه‌م ساڵح تاك لایه‌نه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان نه‌كات بۆ دیاریكردنى سه‌رۆك وه‌زیران، یه‌كێتیش پێى وایه‌ پارتى تاكڕه‌وانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات له‌به‌غداو داواى له‌ به‌رهه‌م ساڵح كردووه‌، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان قسه‌ بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، پارتی داوایكردووه‌، به‌رهه‌م ساڵح بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پارتى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكى عێراقى نه‌كات، بۆ دیاریكردنى كه‌سێك بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح گفتوگۆى له‌گه‌ڵ كه‌سێك به‌ناوى عه‌لى شوكری كردووه‌، بۆئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت.

یه‌كێتى و گۆڕان و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ پێیان وایه‌، پارتى له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانى به‌غدا لایه‌نه‌كانى پشتگوێخستووه‌، ده‌یانه‌وێت پارتى به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ به‌غدا قسه‌ بكات. یه‌كێتى داواى له‌ به‌رهه‌م ساڵح كردووه‌، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان قسه‌ بكات و ده‌ست به‌ جموجوڵ بكات. یه‌كێتى رایگه‌یاندووه‌، هه‌ر رێككه‌وتنێك بكرێت، پێویسته‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان تێیدا به‌شداربن.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى عێراقى په‌یوه‌ندى به‌ مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ ده‌كه‌ن. هه‌ریه‌ك له‌ نورى مالیكى، عه‌مار حه‌كیم، ئه‌یاد عه‌لاوى، داوایانكردووه‌ بارزانى رۆڵى هه‌بێت له‌ دروستكردنى كابینه‌ى نوێ و ئه‌و كاندیده‌ په‌سه‌ند بكات كه‌ شیعه‌كان له‌سه‌رى رێكده‌كه‌ون. بارزانى بۆ وه‌ڵامى ئه‌وه‌ چاوه‌ڕێى گفتوگۆكانى هه‌رێم و به‌غدا ده‌كات، بۆئه‌وه‌ى بڕیارى به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تى عێراقدا بدات.