کوردستان

09:22 - 08/12/2019

ناوه‌رۆكى رێككه‌وتنى ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ كۆنگره‌‌

پەیسەر


ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، گه‌یشتوونه‌ته‌ لێكتێگه‌یشتن له‌سه‌ر كۆنگره‌ى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان. دوایین پێشهات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك یاخود سكرتێرى یه‌كێتى چوار جێگرى ده‌بێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، بافڵ تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، كه‌ كۆنگره‌ دوانه‌خرێت بۆ ساڵى داهاتوو و له‌وكاته‌ى كه‌ سه‌ركردایه‌تى دیاریكردووه‌ ئه‌نجامبدرێت. به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى چوار جێگرى ده‌بێت، لاهور شێخ جه‌نگى ده‌بێته‌ جێگرى سكرتێر بۆ كاروباى دژه‌تیرۆر، هه‌ریه‌ك له‌ بافڵ تاڵه‌بانى و شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ سلێمانى و دووه‌میان له‌ هه‌ولێر ده‌سه‌ڵاتدارى یه‌كێتى ده‌بن. جێگرى چواره‌م یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ناوى ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا ده‌هێندرێت، بۆ كاروبارى ناوخۆى یه‌كێتى.

هه‌ر به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌نجومه‌نێكى سه‌ركردایه‌تى باڵا پێكده‌هێنن، كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌ركردایه‌تى ده‌كات و ناوى قه‌واره‌ى یه‌كێتى ده‌بێت، سه‌رۆك و پێنج ئه‌ندامى ده‌بێت. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ماڵى تاڵه‌بانى ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ قوربانیدانى خۆیان له‌پێناو یه‌كڕیزى یه‌كێتى هه‌ژمار ده‌كه‌ن. پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌بێت له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌گه‌رى جیابوونه‌وه‌و ده‌ستوه‌ردانى پارتى له‌نێوخۆى یه‌كێتى زیاتر ده‌بێت.

کۆسرەت ره‌سوڵ، سەرۆکى قەواره‌ی سیاسى یەکێتی دەبێت. به‌پێى زانیارییه‌كان ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی گله‌یی و ناڕەزایی هەیە له‌ دروستكردنى قەوارەی سیاسی و پێى وایه‌، تاکڕەویی پێوەدیار دەبێت و رۆڵی مەکتەبى سیاسی ناهێڵێت. زانیارى هه‌یه‌ كه‌ پارتى ئه‌م مۆدێله‌ى پێخۆش نه‌بێت و پێى رازى نه‌بێت.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌یه‌وێت ته‌نها پۆستى سه‌رۆكى قه‌واره‌ى یه‌كێتى هه‌بێت و پۆستى سه‌رۆك بوونى نه‌بێت. به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت هه‌ردوو پۆستى سه‌رۆكى قه‌واره‌و سه‌رۆكى یه‌كێتیش هه‌بن و خۆى چاوى له‌ پۆستى سه‌رۆكه‌. ماڵی تاڵەبانی لەژێر فشاردان بۆ ئەوەی هەردوو پۆسته‌كه‌ هه‌بن، ئه‌وانیش تائێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نین هه‌ردوو پۆسته‌كه‌ هه‌بن.

پێشتریش یه‌كێتى فشارى ناوخۆیى و ده‌ره‌كى له‌سه‌ر بوو بۆ ئه‌م رێككه‌وتنه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌سه‌ر ئه‌م رێككه‌وتنه‌ تا ئێستا قسه‌ى كۆتایى ئێران وه‌رنه‌گیراوه‌.

له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و رێككه‌وتنه‌، بڕیاره‌ سبه‌ینێ هه‌ڵبژاردنى مه‌ڵبه‌نده‌كانى یه‌كێتى به‌ڕێوه‌بچێت، لە ١٧ مەڵبەند کۆنفرانس دەکرێت، هه‌زار و  ٧٢٤ ئەندام خۆیان هەڵبژاردووە.