کوردستان

08:15 - 08/12/2019

پارتى پرۆژه‌یه‌ك ده‌خاته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كانى هه‌رێم‌

پەیسەر


پارتى دیموكراتى كوردستان، ده‌یه‌وێت گه‌رێكى دیكه‌ى گفتوگۆو دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستپێبكات. مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌ سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى پرۆژه‌یه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ى بیخه‌نه‌ سه‌رمێزى حزبه‌كان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، پارتى ده‌یه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ پرسى دانانى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێى عێراق، رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، بوودجه‌ى هه‌رێم و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌كى هاوبه‌ش رێكبكه‌ون و به‌پرۆژه‌یەکی هاوبه‌شه‌وه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن.

پارتى بۆ ئه‌وه‌ مه‌رجى ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كان، كه‌ هه‌موویان پشتیوانى پرۆژه‌یه‌كى یه‌كگرتوو بكه‌ن، بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان. بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ شاندێكى پارتى سه‌ردانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بكه‌ن.

ئه‌و هه‌وڵه‌ى پارتى له‌كاتێكدایه‌، له‌به‌غدا ناكۆكییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى زیاتربوون، هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌ گفتوگۆدان. لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى گروپێكى هاوبه‌شیان دروستكردووه‌و نیمچه‌ به‌ره‌یه‌كیان هه‌یه‌.