کوردستان

01:52 - 19/12/2018

په‌یسه‌ر ئامانجى كۆبوونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

بڕیاره‌ رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان كۆببێته‌وه‌ و تاووتوێى چه‌ند ته‌وه‌رێك ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریکردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ حكومه‌ت، هاوكات تاووتوێى ئه‌و پاكێجه‌ش ده‌كات كه‌ وه‌فدى دانوستانكارى پارتى پێشكه‌شی گۆڕانى كردووه‌، تایبه‌ت به‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ په‌یسه‌رپرێسى راگه‌یاند، رۆژى شه‌ممه‌ جڤاتى نیشتيمانى گۆڕان تاووتوێى چه‌ند بژارده‌یه‌ك ده‌كات، یه‌كه‌م بابه‌ت به‌شدارى بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ حكومه‌ت یه‌كلاییده‌كاته‌وه‌، كه‌ به‌شدار ده‌بێت یاخود نا، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى شاندى پارتى پاكێجێكى راده‌ستى گۆڕان كردووه‌ بۆ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت.

بژارده‌یه‌كى دیكه‌ كه‌ گۆڕان لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا به‌بێ به‌شدارى كۆمه‌ڵ و یه‌كێتى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، به‌شدار ده‌بێت یاخود گۆڕان به‌شدارى خۆى په‌یوه‌ست ده‌كات به‌ به‌شدارى ئه‌و دوو حزبه‌وه‌.

ته‌وه‌رێكى دیكه‌ كه‌ جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كات، كاندیده‌كانى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان، له‌ ئه‌گه‌رى به‌شداریكردنى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ تاووتوێى هه‌نگاوه‌كان بكرێت بۆ ئه‌نجامدانى كۆنفرانسى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌كه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانى.

هاوكات بڕیاره‌ سبه‌ینێ جڤاتى گشتى گۆڕان، كه‌ جڤاتێكى راوێژكاریه‌ كۆببێته‌وه‌و تاووتوێى ئه‌و بابه‌تانه‌ بكات كه‌ به‌رنامه‌ى كارى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى رۆژى شه‌ممه‌ى جڤاتى نیشتیمانین، هاوكات جڤاتى گشتى پێشنیار و بۆچوونه‌كانى خۆى بۆ جڤاتى نیشیتمانى به‌رزده‌كاته‌وه‌.

ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە، وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كۆبوونه‌وه‌، له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش پارتی ئاماده‌بووه‌ گوێ له‌ داواكارییه‌كانی گۆڕان بگرێت بۆ چوونه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌.

ئه‌ندامێكی وه‌فدی دانوسانكار به‌ په‌یسه‌ر پرێسی ڕاگه‌یاند" دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ردوو لایه‌نی پارتی دیموكراتی كورستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، بڕیاریان له‌سه‌ر درووستكردنی لیژنه‌یه‌ك داوه‌."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت گوتیشی" پارتی گوێی له‌ داواكارییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گرتووه‌، به‌وه‌ی كه‌ مه‌رجیان چاكسازییه‌ له‌ناو كابینه‌ نوێكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان."