01:50 - 19/12/2018
یەكێتی نایەوێت خواستەكانی مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت جێبەجێبكات
یەكێتی نیشتمانی نایەوێت خواستەكانی مەسرور بارزانی، كاندیدی پارتی دیموكرات بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان جێبەجێبكات، چونكە ترسی لەفراوانبوونی هەژموونی هەیە.
مەسرور بارزانی هەر لەسەرەتاوە دەیەوێت جێ پەنجەی بەپێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستانەوە دیار بێت، بۆ ئەوەش كۆمەڵێك بەرنامەی هەیەو دەیەوێت لایەنە بەشداربووەكانی كابینەی نوێ پابەندی جێبەجێكردنی بكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی دراوە پەیسەر پرێس، بەرنامەكانی مەسرور بارزانی ئەوەیە، كە بەویستی خۆی پۆستەكان كابینەكەی بەسەر لایەنەكان دابەش بكات.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لە ئەگەری بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی مەسرور بارزانی لەچوارچێوەی بەرنامەكەی چەند دیاریكردووە، كە هێشتا وردەكارییەكەی ئاشكرانەبووە.
لەبەرانبەر ئەو خواستەدا لەناو یەكێتی نیشتمانی خواستێك دروست بووە، بۆ ئەوەی نەچنە ژێر باری جێبەجێكردنی خواستەكەی مەسرور بارزانیو لەگفتوگۆش لەگەڵ شاندی پارتی ئەوەیان خستووەتەڕوو.
مەكتەبی سیاسی پارتی رۆژی 3ی ئەم مانگە مەسرور بارزانی كاندید كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، كە 45 كورسی بەدەستهێناوە.
سەرچاوەكەی پەیسەر پرێس ئەوەشی ئاشكراكرد، پارتی بە بردنەوەی 45 كورسی پەرلەمانی كوردستان جۆرێك "لەغروری" بۆ دروست بووەو "بێ منەتە" لەلایەنەكان، بەتایبەتی یەكێتی نیشتمانی.
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، مەكتەبی سیاسی لەوە نیگەراننو بەشاندی پارتی-یان راگەیاندووە، راستە پارتی 45 كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغەی تەنیا بەوان بەرێوەببرێت.
یەكێتی نیشتمانی، كە چەند ساڵێكە شەریكی پارتییە بۆ پێكهێنانی حكومەت لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 21 كورسی بەدەستهێناوە، بەڵام تائێستاش جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دەیانەوێت "شەریك"ی پارتی بن لەپێكهێنانی حكومەت.
شاندی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، رۆژی سێ شەممە سەردانی سلێمانیان كردو لەگەڵ شاندی یەكێتی كۆبوونەوەیان كرد، بەڵام كۆبوونەوەكە ئەنجامی نەبووەو نەگەیشتوون بەهیچ رێككەوتنێك، كە زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، بێ ئەنجامی كۆبوونەوەكە پەیوەندی بەوەوە هەبووە یەكێتی ئامادەنەبووە بەپێی ئەو بەرنامەی مەسرور بارزانی دایناوە، حكومەتی داهاتوو پێكبهێنرێت.