کوردستان

02:54 - 27/11/2019

یه‌كێتى به‌ دووهۆكار كاندیدى پۆسته‌كانى یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه‌‌

پەیسەر

یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان تائێستا كاندیدى پۆسته‌كانى بریكارى وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانى یه‌كلانه‌كردووه‌ته‌وه‌، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى دیموكراتى كوردستانیش ناوى كاندیده‌كانیان راده‌ستكردووه‌. به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كێتى به‌دووهۆكار له‌ئێستادا ناتوانێت كاندیده‌كانى ئاماده‌ بكات. كۆسره‌ت ره‌سوڵ داواى له‌ پارتى كردووه‌، كاتى زیاتر بدرێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان.

سەرۆکایەتی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تائێستا سێ جار لایەنەکانی ئاگادارکردووه‌تەوە، کە كاندیدى بریکار و بەڕێوەبەرى گشتى و پۆسته‌كانى دیكه‌یان، بۆ حكومه‌ت ره‌وانه‌ بكه‌ن تا ئاڵوگۆڕیان پێبكرێت، به‌ڵام یه‌كێتى تائێستا كاندیده‌كانى ره‌وانه‌ نه‌كردووه‌. گۆڕان و پارتى كاندیده‌كانى خۆیانیان ره‌وانه‌كردووه‌و چاوه‌ڕێى فه‌رمانى ده‌ستبه‌كاربوونن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، یەکێتی بە دوو هۆکار ناتوانێت کاندیده‌كانى بۆ پۆستەکان یەکلایی بکاتەوە، هۆکاری سەره‌کی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و مشتومڕ و ناکۆکییه‌كان لەنێوخۆی حزبه‌كه‌، تاکاتی کۆنگرە نزیک دەبێتەوە کێشەکان زیاتر دەبن یەکێتی ناتوانێت لەم دۆخەدا ئەوپۆستانە یەکلابکاتەوە. باڵەکانی حزبەکە بەڵێنی زۆریان بە ئەندامانی کۆنگرە داوە کە بۆ ئەو پۆستانە پشتیوانییان دەکەن ئەگەر لە کۆنگرە دەنگیان پێبدەن.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، کۆسرەت رەسوڵ دوای لەنێچیرڤان بارزانی کردووە، کاتی زیاتر بدرێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیده‌كان تادوای کۆنگرە. هۆکاری دووەمى دیارینه‌كردنى كاندیده‌كانى یه‌كێتى دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانی یەکێتی لە حكومەت و لەپارتی، تائێستا دووجار یەکێتی ئاگاداری داوە بە پارتی کەپابەندی خاڵه‌كانی رێکكەوتنه‌كه‌ بێت، به‌ تایبەت له‌ بابه‌تى دانانی پارێزگارێكى کورد له‌ كه‌ركوك. یه‌كێتى پێیى وایه‌ له‌ حكومه‌ت په‌راوێز خراوه‌و ده‌یه‌وێت سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و پۆستانه‌ دڵنیایى پێبدرێت.