کوردستان

07:38 - 26/11/2019

ناوەرۆکی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و گۆڕان له‌ ماڵی نه‌وشیروان مسته‌فا‌

پەیسەر

له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كانى، سه‌ردانی ماڵی نه‌وشیروان مسته‌فایان كرد، چیا نه‌وشیروان مسته‌فا پێشوازی لێكردن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌دانیشتنه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و دوو جێگره‌كه‌ی له‌ ماڵی نه‌وشیروان مسته‌فا، دووته‌وه‌ر گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌وانیش پرسی چاكسازی له‌ هه‌رێم كوردستان و دۆخی نوێی عێراق.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ی گۆڕان له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی، سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كانی له‌ ماڵی نه‌وشیروان مسته‌فا و به‌ئاماده‌بوونی چیا نه‌وشیروان مسته‌فا، باسیان له‌ گرنگی ئه‌نجامدانی چاكسازی راسته‌قینه‌ كردووه‌، وه‌ك پێویستییه‌ك بۆ به‌ره‌وپێشبردنی هه‌رێم و باشتركردنی گوزه‌رانی هاوڵاتیان له‌م قۆناغه‌دا، قسه‌ی له‌باره‌وه‌ كراوه‌.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكراوه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومڕانی له‌ماوه‌ی رابردوودا كردوویه‌تی پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌نگاوی زیاتری بۆ بنرێت و دۆخی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان باشتر بكرێت.

پرسی خۆپیشاندانه‌كانی عێراق و دۆخی ئێستای به‌غدا، یه‌كێكی تر بووه‌ له‌و ته‌وه‌رانه‌ی له‌ دانیشتنه‌كه‌دا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌كراوه‌. به‌پێی زانیارییه‌كان سه‌رۆكی هه‌رێم و دوو جێگره‌كه‌ی باسیان له‌ دۆخی ئێستای عێراق كردووه‌ و ئه‌وه‌یان روونكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ چۆن هه‌رێم مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ بكات و باس له‌ گرنگی بوونی ستراتیژێك له‌لایه‌ن له‌لایه‌نەكانی هه‌رێمه‌وه‌، بۆ هه‌ڵسوكه‌وت كردن له‌گه‌ڵ دۆخی نوێی عێراق كرا.