کوردستان

07:20 - 24/11/2019

ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ لە رێککەوتن نزیكده‌بنه‌وه‌‌

پەیسەر

هه‌ردوو باڵى ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ لێكتێگه‌یشتنێك له‌نێوانیان هه‌یه‌و له‌رێككه‌وتن نزیكبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ له‌سه‌ر حسابى به‌رهه‌م ساڵح-ه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، باڵى ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ لێك نزیكده‌بنه‌وه‌و نزیكبوونه‌وه‌كه‌یان زۆرتر له‌سه‌ر حسابى به‌رهه‌م ساڵح جێگرى دووه‌مى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى-یه‌، به‌پێى لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌هاوكێشه‌ى داهاتووى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى پێگه‌ى له‌ق ده‌بێت.

به‌پێى زانیارییه‌كان، تائێستا به‌ته‌واوه‌تى ئه‌م لێکتێگه‌یشتنه‌ى بافڵ تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ نه‌گه‌یشتووه‌ به‌رێككه‌وتن و زانیارى له‌باره‌ى ناوه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه‌ ئاشكرانه‌بووه‌، دوایین په‌یامى كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاخود ده‌بێت ته‌وافوق بكرێت، یاخود كۆنگره‌ دوابخرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى كۆنگره‌ رێكبكه‌ون خه‌ونى بوون به‌ سكرتێرى به‌رهه‌م ساڵح ئه‌سته‌م ده‌بێت. 

دوێنێ گرته‌یه‌کى ڤیدیۆیى بڵاوبووه‌وه‌، كه‌ بافڵ تاڵه‌بانى قسه‌ بۆ كادیره‌كانى حزبه‌كه‌ى ده‌كات و یه‌كێك له‌ سیناریۆ باسكراوه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت"كاك به‌رهه‌م ده‌كه‌ین به‌سه‌رۆك، شاڵاو ده‌كه‌ین به‌ جێگر، بافڵ ده‌كه‌ین به‌ جێگر، بۆ كاكه‌ ئێمه‌ شێت بووین وابكه‌ین".تەنها ١٢ رۆژی ماوە بۆ وادەی دیاریکراوی کۆنگرەی چواری یەکێتی، بەڵام تائێستا لەنێوخۆی ئەو حزبە رێککەوتن نەکراوە لەسەر نەخشەی کۆنگرەو باڵی ماڵی تاڵەبانی لەگەڵ رێککەوتنی پێشوەخت نین.