کوردستان

10:15 - 19/12/2018

مەرج و پێشنیاری گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت‌

پەیسەر

بڕیار وایە ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت  كۆببنەوە.

ئەندامێكی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: چاوەڕوانی قسە و پڕۆژەی پارتی دیموكراتی كوردستانین بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ.

لەبارەی بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەكەدا، ئەو ئەندامەی وەفدی دانوستانكارە گوتی: وەك بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەگەری بەشداریكردندا پاكێج و كارنامەی خۆمان هەیە و ئەو كارنامەیەك هەمان ئەو كارنامەیەیە كە لە كابینەی پێشوو هەمان بوو بە هەندێك دەستكارییەوە.

گوتیشی: لە كابینەی رابردوو كاتێك وەزیرەكانمان لە كابینەكە دوورخرانەوە نەمانتوانی تەواوی پاكێج و كارنامەكەمان لە حكومەت جێبەجێ بكەین.

لەبارەی مەرجی گۆڕان بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نۆ، هەروەها گوتی: مەرجی ئێمە بەشداریكردنی فیعلییە لە حكومەت و داواشمان ئەوەیە لە سەرۆكایەتییەكاندا نوێنەرمان هەبێت.

 وەفدی گۆڕان ئەمڕۆ داواكاریەكانی بزوتنەوەكەیان دەخەنە بەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان و چاوەرێی وەڵامی ئەو حیزبە دەكەن، بۆ بریاردان لەسەر بەشداریكردن یان نەكردن لەحكومەت.

وەفدی بزتنەوەی گۆڕان پێكهاتوون لە (مستەفا سەید قادر و جەمال محەمەد و جەلال جەوهەر و ئاوات شێخ جەناب و عەلی حەمە ساڵح و دكتۆر رەووف عوسمان و ئاراس وەلی) وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بریتین لە ( ئازاد بەرواری و هۆشیار زێباری  و هێمن هەورامی و جەعفەر ئیمنكی و دڵشاد شەهاب).