کوردستان

05:59 - 18/11/2019

ئه‌مریكییه‌كان بۆ نێوەندگیرى به‌غداو هه‌ولێر پێشنیارێك ده‌كه‌ن‌

پەیسەر


ئه‌مریكا بۆ نێوه‌ندگیرى هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا له‌سه‌رخه‌ته‌، له‌نوێترین پێشهاتدا داوایكردووه‌ كه‌ شاندێكى تێكه‌ڵى حزبى و حكومیى له‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس ئه‌مریكییه‌كان پێشنیاریان كردووه‌، شاندێك تێكه‌ڵ له‌ حزبه‌كان و به‌رپرسانى حكومه‌ت سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بكه‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌غداو ئه‌مریكییه‌كان هاوڕان له‌سه‌رئه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌رۆكایه‌تى ئه‌و شانده‌ بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كان فازل میرانى و هۆشیار زێبارى له‌پارتى، قوباد تاڵه‌بانى، سه‌عدى پیره‌، ئه‌رسه‌لان بایز و عیماد ئه‌حمه‌د له‌ یه‌كێتى، جه‌لال جه‌وهه‌ر و مسته‌فاى سه‌ید قادر، له‌گۆڕان باس ده‌كرێن كه‌ ئه‌ندامى شانده‌كه‌ بن، به‌ڵام تائێستا ئه‌و ناوانه‌ یه‌كلایى نه‌بوونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كارووبارى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداو وه‌زیرى ناوخۆ، دارایى، پێشمه‌رگه‌، گواستنه‌وه‌وگه‌یاندن، له‌ شانده‌كه‌ ئه‌ندام ده‌بن.

بڕیاره‌ سه‌ردانه‌كه‌ له‌م رۆژانه‌دا ئه‌نجامبدرێت، پێش سه‌ردانه‌كه‌ شاندێك له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ بڕیاره‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا تاووتوێى بكات.

په‌یسه‌ر دوێنێ ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق هه‌فته‌ى رابردوو به‌ نێچیرڤان بارزانى گوتووه‌،"وه‌ك دۆستێكى كورد پێتان ده‌ڵێم ئه‌گه‌ربۆمافى كورد دێن به‌ یه‌كڕیزیى وه‌رنه‌ به‌غدا، نیگه‌رانم له‌وه‌ى كورد له‌نێوخۆى په‌رته‌وازه‌یه‌و هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و بۆچوونیشیان جیاوازه‌".