10:14 - 18/11/2019
بودجەی سەرژمێری گشتیی عێراق نەگەیەنراوەتە هەرێم
عێراق تادێت نزیک دەبێتەوە لەوادەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی، بەڵام لە هەرێمی
کوردستان بەهۆی نەبوونی بودجەوە، ئامادەکارییەکان وەکو پێویست ناچن بەڕێوە.
دوای دوو کۆبوونەوەی باڵا لەنێوان بەرپرسانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان
و عێراق، بەڵام هێشتا بودجەی ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێری گشتیی لە عێراق
نەگەیەنراوەتە هەرێم.
بڕیارە ساڵی ٢٠٢٠ سەرژمێری گشتیی لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە
ئەنجام بدرێ.
بەشە بودجەی هەرێمی
كوردستان بۆ سەرژمێری گشتیی، پێنج ملیار و 608 ملیۆن دینارە.
سیروان محەممەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی
كوردستان رایگەیاند: تائێستا هیچ بڕە پارەیەک لەو بودجەیە نەگەیشتووەتە هەرێمی
کوردستان.
سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان دەڵێت: نەناردنی
بودجە کێشەیەکی گەورەو سەرەکی ئێمەیەو ئەگەر لە نزیكترین كاتدا نەگاتە دەستمان،
ئەوا ناتوانین هیچ ئامادەكارییەك بۆ سەرژمێری بكەین.
لە سێ مانگی رابردوودا، دوو کۆبوونەوەی باڵا
لەنێوان دەستەی ئاماری هەرێم و بەغدا کراون، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا دەستەی ئاماری
هەرێم پێداگری لەسەر خێرا ناردنی بودجە کردووەو هۆشدارییان داوەتە بە بەرپرسانی
عێراق، ئەگەر پەلە نەکرێ لە ناردنی بودجە، ئەوا ناتوانن کاروبارەکانیان رابپەڕێنن.
دوایین سەرژمێری لە عێراق ساڵی ١٩٩٧ کراوە کە
هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە، دوایین سەرژمێری کە هەرێمی کوردستانیشی تێدابووبێ ساڵی
١٩٨٧ ئەنجامدرا. ئیترلەو کاتەوە تائێستا هەرێمی کوردستان سەرژمێری گشتیی بۆ
نەکراوە.
لە دوای روخانی رژێمی سەدام حسێنەوە، چەندینجار
هەوڵ دراوە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی لە عێراق، بەڵام هەرجارەی بە پاساوێک
دواخراوە.
کۆبوونەوەی دەستەی ئاماری هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەبارەت بە سەرژمێری گشتیی