کوردستان

08:13 - 17/11/2019

كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ هۆشدارى ده‌دات‌

پەیسەر


له‌كاردانه‌وه‌ى دروستبوونى پشێوى له‌چه‌ند كۆمیته‌یه‌كى یه‌كێتى نیشتیمانیى كوردستان، له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى كۆنفرانسى كۆمیته‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى كۆنگره‌ى چوارى ئه‌و حزبه‌، باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ جارێكى دیكه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ هۆشداریده‌ده‌ن.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌كاردانه‌وه‌ى پشێوى چه‌ند كۆمیته‌یه‌ك، جارێكى دیكه‌ هۆشدارى ئه‌وه‌یان به‌ باڵى ماڵى تاڵه‌بانى داوه‌، كه‌ بێ رێككه‌وتنى پێشوه‌خته‌ كۆنگره‌ سه‌ركه‌وتوو نابێت.

باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌ په‌یامه‌كه‌یاندا گوتوویانه‌، ده‌بوو پێش كۆنفرانسى كۆمیته‌كان رێككه‌وتن له‌سه‌ر نه‌خشه‌ رێگاى كۆنگره‌ بكرایه‌، بێ رێككه‌وتنى پێش وه‌خت كۆنگره‌ سه‌ركه‌وتوو نابێت.

به‌پێى زانیارییه‌كان هۆكارى پشێوییه‌كان له‌چه‌ند كۆمیته‌یه‌ك، به‌هۆى سه‌ركه‌وتنى باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ-ه‌وه‌ بووه‌ له‌و كۆمیتانه‌، به‌سه‌ر باڵى به‌رهه‌م ساڵح و ماڵى تاڵه‌بانیدا. بڕیاره‌ حه‌وتى مانگى داهاتوو كۆنگره‌ى چوارى یه‌كێتى به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام له‌ناوخۆى ئه‌و حزبه‌ تائێستا سازان له‌سه‌ر كۆنگره‌ نه‌كراوه‌، رۆژى هه‌ینى ره‌وتێكى دیكه‌ له‌نێو یه‌كێتى به‌ناوى ناوه‌ندى وه‌ستانه‌وه‌ى یه‌كێتى(ناوك)، خۆى راگه‌یاند و داواى له‌ كادیرانى یه‌كێتى كرد ده‌نگیان پێبده‌ن بۆ كۆنگره‌.