کوردستان

02:39 - 17/11/2019

به‌غدا بۆ مانه‌وه‌ى فیدراڵیه‌تى هه‌رێم مه‌رجى هه‌یه‌‌

پەیسەر


ده‌سه‌ڵاتى به‌غدا بۆ مانه‌وه‌ى كیانى فیدراڵیى هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌ستووردا مه‌رجى هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاته‌ ئابورییه‌كان له‌ هه‌رێم وه‌ربگرێته‌وه‌و خۆى سه‌رپه‌رشتى هه‌نارده‌ى نه‌وت بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، حكومه‌تى عێراق و لایه‌نه‌ شیعه‌كان، ده‌یانه‌وێت پرسى مانه‌وه‌ى فیدراڵیه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌ستووردا، وه‌ك و كارت به‌كاربهێنن و بۆ پاراستنى فیدراڵیه‌تى هه‌رێم مه‌رجى كۆتاییهێنان به‌ ئابورى سه‌ربه‌خۆى هه‌رێمى كوردستانیان هێناوه‌ته‌ پێش.

به‌غدا ده‌یه‌وێت كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاتى نه‌وتیى هه‌رێمى كوردستان بهێنێت، بۆئه‌وه‌ش هه‌موارى ده‌ستوور به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانێت تا فشار له‌سه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان دروست بكات، پێشتر به‌غدا هه‌رێمى سه‌رپشك كردبوو كه‌ نه‌وت راده‌ست بكات، یاخود داهاتى نه‌وت، به‌ڵام ئێستا به‌غدا پێداگرى ده‌كات كه‌ده‌بێت خۆى سه‌رپه‌رشتى سیاسه‌تى نه‌وتیى هه‌رێم بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كان تائێستا به‌فه‌رمى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ڵامى ئه‌م داواكارییه‌ى به‌غداى نه‌داوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى زانیارى هه‌یه‌ پارتى له‌ پرسى راده‌ستكردنى نه‌وت نه‌رمى نواندووه‌و ئاماده‌یى بۆ راده‌ستكردنى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل ده‌ربڕیبێت.