کوردستان

06:20 - 14/11/2019

یه‌كگرتوو ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ یه‌كێتى و پارتى ده‌كات‌

پەیسەر


سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌میندارى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان، ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ نێوه‌ندگیرى نێوان ماڵى تاڵه‌بانى و بارزانى ده‌خاته‌ڕوو، داواده‌كات له‌رێگه‌ى گفتوگۆوه‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن.

رۆژى چوارشه‌ممه‌، سه‌لاحه‌دین به‌هادین ئه‌میندارى یه‌كگرتوو، سه‌ردانى بافڵ تاڵه‌بانى كردو له‌ ده‌باشان كۆبوونه‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، ئه‌میندارى یه‌كگرتوو داوایكردووه‌، یه‌كێتى كێشه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ پارتى له‌رێگه‌ى گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكات، ئاماده‌یى بۆ نێوه‌ندگیرى ده‌ربڕیوه‌و گوتویه‌تى، هه‌ردوولا تێبینییه‌كانى خۆیان بنوسن.

ئه‌میندارى یه‌كگرتوو، داوایكردووه‌ دۆخه‌كه‌ سه‌رنه‌كێشێت بۆ دووئیداره‌یى و كشانه‌وه‌ى یه‌كێتى له‌حكومه‌ت، زانیارى هه‌یه‌ ئه‌میندارى یه‌كگرتوو پێش سه‌ردانه‌كه‌ى ده‌باشان قسه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى كردووه‌، پارتى رایگه‌یاندووه‌، نازانن نیگه‌رانییه‌كانى ماڵى تاڵه‌بانى چین و له‌ كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى گوێیان لێبووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان بافڵ تاڵه‌بانى سوپاسى ئه‌میندارى یه‌كگرتووى كردووه‌، كه‌  به‌"ڕۆڵى مێژوویى" خۆى هه‌ستاوه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، گوتویه‌تى ئه‌و رێز له‌و هه‌ڵوێسته‌ى وه‌رده‌گرێت.

به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌ك كه‌ بافڵ تاڵه‌بانى دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڵاویكرده‌وه‌ ده‌ڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ سەبارەت بە بارودۆخی بەغدا و ھەوڵەکان بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور، جەختکرایەوە لەوەی ھەر گۆڕانكارییەک لە دەستووردا بکرێت پێویستە لەسەر بنەمای تەوافق و رێككەوتن و لێکتێگەیشتن بێت، بە مەرجێک مافی تەواوی گەلی کورد و نەتەوە و پێکھاتەکانی تێدا پارێزراو بێت، بەپێویست زانرا کۆدەنگی نیشتمانیی و یەک ھەڵوێستی کورد لە ناوەند زیاتر رەنگبداتەوە، یەک پرۆژەی نیشتمانیش ھەبێت بۆ پرسەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ ھەر ئەگەر و پێشھاتێک.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، ھەر لە دیدارەکەدا لەبارەی حکومڕانی لەھەرێمی کوردستان، ھەردوولا ھاوڕابوون لەچاکسازیکردنی ریشەیی لە دامەزراوەکان و حکومڕانییەکی باشتر کە لەئاست قۆناغەکەدا بێت و وەڵام دەرەوەی داخوازی و پێوستییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بێت.