کوردستان

06:03 - 18/12/2018

"یه‌كێتی و پارتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خراپیان ئه‌نجامدا"‌

پەیسەر

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری سلێمانی و له‌ مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حیزبه‌ به‌ڕێوه‌چوو، هیچ ئه‌نجامێكی لێنه‌كه‌وته‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێ "كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خراپ بوو".


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ وه‌فدی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌فدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان، كۆبوه‌وه‌.
به‌ پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌ستی په‌یسه‌رپرێس گه‌یشتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌فدی پارتی داوای له‌ یه‌كێتی كردووه‌، له‌سه‌ر یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌  و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ناو په‌رله‌مان رێكبكه‌ون.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتی: وه‌فدی یه‌كێتی له‌ وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی پارتی، داوای ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ هه‌ردوو لا له‌سه‌ر سێ ئاست رێكه‌وتن ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وانیش له‌سه‌ر ئاستی (به‌غداد و كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستان)، به‌ڵام وه‌ڵامی پارتی به دڵی‌ یه‌كێتی نه‌بووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی بیروڕاكان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان داوایكردووه‌ پۆسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌ی 40% و 60% دابه‌شبكرێـن، یه‌كێتی به‌ وه‌فدی پارتی  راگه‌یاندووه‌، ئێوه‌ له‌ 60% پۆسته‌كان بۆخۆتان و ئێمه‌ش له‌ 40% ده‌به‌ین و له‌ دوایشدا هه‌ردو لامان سه‌رپشك ده‌بین له‌ چۆنێتی به‌شداریپێكردنی لایه‌نه‌كان، به‌ڵام پارتی ئه‌م داوایه‌ی یه‌كێتیشی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، یه‌كێتی داوایه‌كی دیكه‌ی له‌ پارتی كردووه‌ تا وه‌زاره‌تی داد بدرێت به‌ حیزبه‌كه‌یی و پارتی رێگرنه‌بێ له‌ وه‌رگرتنی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌، به‌ڵام پارتی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌ وا باشتره‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ بدرێته‌ لایه‌نێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

گوتیشی:كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ گه‌ری یه‌كه‌میدا كۆتایی هاتوه‌ كه‌ به‌ پێی پڕۆتۆكۆڵ له‌ دوو به‌ش پێكهاتبوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی له‌یه‌ك نزیكنه‌بوونی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ و نه‌گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن.

وه‌فدی پارتی دیموكراتی كوردستان بریتی بوو له‌ ئازاد به‌روای و هۆشیار زێباری هێمن هه‌ورامی و فرسه‌ت سۆفی و دڵشاد شه‌هاب و جه‌عفه‌ر ئیمنكی، وه‌فدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بافڵ تاڵه‌بانی و حاكم قادر و ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا و سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ و عه‌دنان حه‌مه‌ی مینا و ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ.