کوردستان

05:13 - 13/11/2019

نێچیرڤان بارزانى بۆچى چووه‌ به‌غدا؟‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، بۆچه‌ند مه‌به‌ستێك سه‌ردانى به‌غداى كردووه‌، كۆبوونه‌وه‌كانى په‌یوه‌ندى به‌ سه‌ردانه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئیمارات و قه‌ته‌ر، هاوكات په‌یامى لایه‌نه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى به‌ حكومه‌تى عێراق گه‌یاندووه‌، سه‌باره‌ت به‌ هه‌موارى ده‌ستوور.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، نێچیرڤان بارزانى په‌یامى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى گه‌یاندووه‌، كه‌ جه‌خت له‌مانه‌وه‌ى فیدراڵییه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌عێراق-دا، هه‌روه‌ها قسه‌ى ئه‌وانى سه‌باره‌ت به‌ هه‌موارى ده‌ستوور و مادده‌ى ١٤٠ گه‌یاندووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان، نێچیرڤان بارزانى هه‌ندێك روونكردنه‌وه‌ى داوه‌ له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كانى بۆقه‌ته‌ر و ئیمارات، چونكه‌ حكومه‌تى عێراق نیگه‌ران بووه‌ له‌و سه‌ردانانه‌و پێى وابووه‌ كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ست ده‌كرێت له‌نێوان هه‌رێم و ئه‌و وڵاتانه‌، كه‌ بۆ نێوانى هه‌رێم و به‌غدا گرفته‌.

ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى عادل عه‌بدولمه‌هدى و نێچیرڤان بارزانى، تایبه‌ت بووه‌ به‌ پرسى گومرك و پێشمه‌رگه‌و كێشه‌ى بوودجه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌كراوه‌ رێككه‌وتن ته‌نها له‌سه‌ر نه‌وت و گاز نه‌بێت. قسه‌ له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانى عێراقیش كراوه‌و نێچیرڤان بارزانى پشتیوانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى راگه‌یاندووه‌.

سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى دواى ئه‌وه‌هات، كه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى رێككه‌وتن و ئێرانیش پێداگره‌ له‌ مانه‌وه‌ى.