کوردستان

02:25 - 10/11/2019

پێنج پۆستى ئه‌منیى له‌نێو پارتى و یه‌كێتى كێشه‌یان له‌سه‌ره‌‌

پەیسەر


له‌سه‌ر چه‌ند پۆستێكى ئه‌منیى له‌نێوخۆى یه‌كێتى و پارتى ركابه‌رى توند هه‌یه‌، ناكۆكییه‌كان تائێستا رێگرن له‌پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆستانه‌. راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش، ئاسایشى گشتى، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانى، بریكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، ناكۆكییان له‌سه‌ره‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌ناوخۆى یه‌كێتى كۆسره‌ت ره‌سوڵ داواى چوار پۆستى ئه‌منیى كردووه‌، به‌ڵام تائێستا ماڵى تاڵه‌بانى ره‌زامه‌ندییان ده‌رنه‌بڕیوه‌و یه‌كلانه‌بووه‌نه‌وه‌.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ، بۆ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئاسایشى هه‌رێم ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ-ى كاندیدكردووه‌، بۆ پۆستى بریكارى وه‌زیرى ناوخۆ ئیسماعیل مه‌حمودى كاندیدكردووه‌، بۆ به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانى كاوه‌ گورونى كاندیدكردووه‌، بۆ پۆستى ئه‌میندارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ش كه‌ به‌پێى رێككه‌وتنى گۆڕان و پارتى پشكى گۆڕانه‌، رێباز بێركۆتى كاندیدكردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان تائێستا ماڵى تاڵه‌بانی ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر ئه‌م كاندیدانه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌و له‌ناوخۆى یه‌كێتى رێككه‌وتنى له‌سه‌رنه‌كراوه‌. زانیارى هه‌یه‌ كه‌ ماڵى تاڵه‌بانى بۆ رازیبوونیان مه‌رجێكیان هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ ئه‌و پۆسته‌ ئه‌منییانه‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ كاندیدى بۆ دیاریكردوون بخرێنه‌ برى ئه‌و پۆستانه‌ى له‌ كۆنگره‌ داوایان ده‌كات، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌مه‌ رێككه‌وتن نه‌كراوه‌. 

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌پۆستى راوێژكارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشه‌، له‌نێوخۆى پارتى ناكۆكى له‌سه‌ره‌و ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌، نێچیرڤان بارزانى یوسفى براى كاندیدكردووه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌، به‌ڵام مه‌نسور بارزانى كاندیدى مه‌سعود بارزانییه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌. به‌وهۆیه‌وه‌ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ راگیراوه‌.