کوردستان

12:04 - 09/11/2019

ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كۆنگره‌ى یه‌كێتى سست به‌ڕێوه‌ده‌چن‌

پەیسەر


ئه‌گه‌رچى كه‌متر له‌مانگێكى ماوه‌ بۆ واده‌ى دیاریكراوى به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌ى یه‌كێتى نیشتیمانیى كوردستان، به‌ڵام ئاماده‌كارییه‌كان بۆ كۆنگره‌ سستن و له‌ قۆناغى سه‌ره‌تادان.

به‌پێى زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، تائێستا ئه‌ندامانى كۆنگره‌ هه‌ڵنه‌بژێردراون و دیارنین كێ ئه‌ندامى كۆنگره‌ ده‌بێت، شوێنى به‌ستنى كۆنگره‌ دیارنییه‌، هه‌روه‌ها هیچ میوانێك بانگهێشت نه‌كراوه‌، به‌تایبه‌ت میوانه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات، له‌كاتێكدا یه‌كێتى به‌نیازه‌ ژماره‌یه‌ك میوانى له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات بانگهێشت بكات.

ئه‌و په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌ ئاماده‌نه‌كراوه‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ كۆنگره‌ قسه‌ى له‌سه‌ربكرێت، له‌هه‌مان كاتدا ململانێى باڵه‌كانى یه‌كێتى توندتر بووه‌و له‌رێگه‌ى سۆشیال میدیاوه‌ هه‌ڵمه‌ت دژى یه‌ك ده‌كه‌ن. تائێستاش به‌رپرسانى یه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكنه‌كه‌وتوون كه‌ ئایا كۆنگره‌ كۆنگره‌ى زۆرینه‌ى بێت یاخود كۆنگره‌ى ته‌وافوقى.

به‌پێى بڕیارى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، ده‌بێت له‌ ٧ی كانوونى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ كۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌كێتى به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام تائێستا ئاماده‌كارى كه‌مكراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌و كۆنگره‌یه‌.