کوردستان

10:10 - 05/11/2019

بۆچوونى گۆڕان له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى لایه‌نه‌كان‌

پەیسەر


بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان داوایكردووه‌، كه‌ كورد خۆى بۆ ئه‌گه‌رى رووخانى حكومه‌تى عێراق ئاماده‌ بكات و به‌ نێوه‌نگیرى ده‌ره‌كى له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌وێته‌ گفتوگۆ.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌و سه‌رۆك كۆمار، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆچوونى به‌وجۆره‌بووه‌، كه‌ كورد هه‌موو هێلكه‌كانى نه‌خاته‌ سه‌به‌ته‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌و هه‌ركه‌سێك بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیران، كورد مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكات.

هه‌روه‌ها داوایانكردووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیران، كورد به‌پێى ده‌ستوور هه‌وڵى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى بدات له‌گه‌ڵى. شاندى گۆڕان بۆچوونى وابووه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌رێمى كوردستان خۆی بۆ ئه‌گه‌ری روخانی حكومه‌تی به‌غداد ئاماده‌بكات.

به‌جۆرێك كورد له‌رێگه‌ی ئه‌مریكا و به‌ریتانیاوه‌، به‌نێوه‌ندگیری ده‌ره‌كی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی داهاتوو بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م كابینه‌ نه‌ماو حكومه‌تێكى نوێ دروستبوو.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێم و سه‌رۆك كۆمارى عێراق كۆبوونه‌وه‌، دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویانكرده‌وه‌، كه‌ هه‌رهه‌موارێكى ده‌ستوورى عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مافه‌كانى هه‌رێم كه‌م بكاته‌وه‌.