کوردستان

07:19 - 05/11/2019

یه‌كگرتوو پێشنیارى كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ریفراندۆمى كردووه‌‌

پەیسەر


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، شاندى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان، پێشنیارى كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ریفراندۆم-ى كردووه‌، وه‌ك كارتێك به‌رامبه‌ر به‌غدا، به‌ڵام سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌و پێشنیاره‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ باس له‌ به‌كارهێنانى كارتى ریفراندۆم كراوه‌، شاندى یه‌كگرتوو داوایكردووه‌، كه‌ كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى ریفراندۆم كه‌ ئێستا سڕكراوه‌، وه‌ك كارتێك به‌كاربهێندرێت به‌رامبه‌ر به‌غدا، كاتێك ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌موارى ده‌ستوور به‌زیانى هه‌رێمى كوردستان ته‌واوبكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانى وه‌ڵامى ئه‌م پێشنیاره‌ى یه‌كگرتووى داوه‌ته‌وه‌و رایگه‌یاندووه‌، كه‌ باسكردنى ئه‌و بابه‌ته‌ باش نییه‌و ئه‌مریكییه‌كان پشتیوانى كورد ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر كورد ئه‌و داواكارییه‌ بهێنێته‌ پێشه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا هه‌رێمى كوردستان نایه‌وێت، بابه‌تى ریفراندۆم بوروژێنێت، چونكه‌ ده‌زانێت به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌و مه‌رجى له‌بیركردنى ریفراندۆمه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ نه‌ك به‌كارهێنانى وه‌ك كارتى فشار، وه‌ ده‌شزانێت كه‌ وڵاتانى پشتیوانى داواكارییه‌كى له‌وجۆره‌ ناكه‌ن.