کوردستان

05:14 - 04/11/2019

سبه‌ینێ لایه‌نه‌كان له‌هه‌ولێر كۆده‌بنه‌وه‌و به‌رهه‌م ساڵح-یش به‌شدارده‌بێت‌

پەیسەر


بڕیاره‌ سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كۆببنه‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌شدارده‌بێت، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانیان بۆ کۆبوونەوەکە بانگهێشتكراون.

مسته‌فاى سه‌ید قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند، سبه‌ینێ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى هه‌رێم و په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌.

گوتیشى، كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌بێت و ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر پرسى هه‌موارى ده‌ستوور و دۆخى عێراق و خۆپیشاندانه‌كانه‌.


به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان بانگهێشتى لایه‌نه‌كانى كردووه‌ بۆكۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێ، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق سبه‌ینێ به‌شدارده‌بێت له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌. به‌ڵام وه‌ك یه‌كێتى نا به‌ڵكو وه‌ك سه‌رۆك كۆمار به‌شدارده‌بێت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، یه‌كێتى بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێ كراوه‌، به‌ڵام تائێستا به‌شدارى ئه‌و حزبه‌ یه‌كلایى نه‌بووه‌ته‌وه‌، به‌پێى زانیارییه‌كان ئه‌گه‌ر شاندى یه‌كێتى به‌شداربن له‌ماڵى تاڵه‌بانى نابن.

بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێ، تاوتوێى مه‌ترسییه‌كانى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق و خۆپیشاندانه‌كان بكرێت، قسه‌ له‌سه‌ر مه‌ترسى گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان بۆ هه‌رێم و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌كرێت.