05:23 - 17/12/2018
پارتی داواكاریەكی یەكێتی دەربارەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت رەتدەكاتەوە
پارتی دیموكراتی كوردستان، داواكاریەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دەربارەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت رەتدەكاتەوە.
سەبارەت بە كۆبوونەوەیان لەگەڵا پارتی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوای ئەوە كردووە، دوای كۆبوونەوەكەیان بە دوو قۆڵی سەردانی لایەنەكانی دیكە بكەن لە سلێمانی.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، رۆژی دووشەممە مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیوەندی بە مەكتەبی سیاسی پارتیەوە كردووە و داوای لێكردووە لەسەردانەكەی رۆژی سێ شەممەیاندا بۆ شاری سلێمانی یەكەمجار سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكەن و دوای كۆبونەوە و رێككەوتن دواتر وەفدی هەردوولا بەیەكەوە سەردانی گۆڕان بكەن.
بەپێی زانیارییەكان، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای راوێژكردن وەڵامی داواكارییەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیان داوەتەوەو داواكەیان رەتكردوەتەوە و رایانگەیاندووە خۆیان بەتەنها و بەجیا سەردانی ئەوان و بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان دوای ئەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆران گەیشتە رێككەوتن دەربارەی كابینەی داهاتووی حكومەت، شاندی دانوستانكاری پارتی سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش دەكات.
پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان داواكارییەكی یەكێتی نیشتیمانی بۆ كۆبوونەوەو گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكومەت و دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان رەتكردبوەوە، ئامانجی یەكێتیش لەم داواكارییەی لە پارتی كۆبوونەوە بووە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان.