کوردستان

09:48 - 02/11/2019

ترەمپ بەڵێنی پاراستنی كوردی داوە‌

پەیسەر

لە تازەترین چاوپێكەوتنیدا مەزڵوم كۆبانێ دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند: دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە و هیچ متمانەیەكیان بە ئەسەدەو پۆتین نییە و ترەمپیش بەڵێنی پاراستنی كوردی داوە.

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیمكرات مەزڵوم كۆبانێ ڕایگەیاند: هیچ بڕوایەكیان بە ڤلادمێر پۆتین و هێزەكانی نییە لە سوریا و ئومێدیشیان بە بەشار ئەسەد نییە.

وتیشی سەرەڕای نەبونی متمانەی تەواوەتیان بەو هێزانە بەڵام دەبێت سیاسەتی خۆیان بكەن و دانوستانیان لەگەڵ بكەن.

وتیشی:"هیچ متمانەیەكمان بە حكومەتی سوریا نییە، بەڵام جگە لە ڕێككەوتن هیچ چارەسەرێكی دیكە نییە بۆ كێشەكانی سوریا، بۆیە بە ناچاری ڕێككەوتنمان كردووە."

كۆبانێ وتیشی: پێویستە وڵاتانی ئەوروپا گەرەنتیی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە بدەن.

 

لەوەڵامی پرسیاری ئایا  دانوستانەكانتان لەگەڵ ئەسەد لە چ ئاستێكدایە؟
مەزڵوم كۆبانێ وتی: دانوستانەكانیان لەگەڵ حكومەتی سوریا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی ڕوسیاوەیە، كە هاوپەیمانی دیمەشقە و هەموو ڕێككەوتنەكانیشیان لە چوارچێوەی بەرگریكردنە لە گەل و ئازادیی سیاسەت و كلتورى کوردى. هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕاشیگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ ئەمریكییەكان كردووە و گرەنتیی پاراستنی كوردەكانیان بە هەسەدە داوە، بەڵام بە وتەی كۆبانی ئەمریكا لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیدا سستە.

مەزڵوم كۆبانێ دەربارەی بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان وتیشی: "ئەو بڕیارە هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بوو بۆ هێرشەكانی توركیا و بۆردومانكردنی ناوچە كوردییەكان."

 سەبارەت بە بڕیاری دەستگیركردنی لەلایەن توركیاوە مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات وتیشی: ''جگە لەوە چاوەڕوانی هیچی دیكە لە كەسێك ناكەین كە پرۆژەی كوشتوبڕی گەلەكەمانی بە ئاشكرا ڕاگەیاندووە.''

دەربارەی چارەسەری دۆخی ڕۆژئاوی كوردستان وتی: ئەوان دەیانەوێت بە زوترین كات دۆخەكە چارەسەر ببێت، هەرچی زوو ترە پێویستە توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان بكشێتەوە و هێز نەنێرێتە سەر ئەو ناوچانەی هاوڵاتیانی مەدەنی تێدایە.

وتیشی: ئەوان هیچ باوەڕیەكیان بە هیچ لایەنێكی دەرەكی نییە و كاری خۆیان بۆ پاراستنی خۆیان دەكەن و پلانیان هەیە كە رووبەرووی هەر مەترسیەك ببنەوە لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان.

ناوبراو وتیشی ئێستا كورد لە جیهاندا دەنگی دەبیسترێت، ئەوان داوای مافی خۆیان دەكەن و كاردەكەن لە پێناو بەدیهێنانی مافەكانیان بەشێوەیەكی دیمكراتیانە.

 

سەرچاوە:لاریبوبلیكای ئیتاڵی