کوردستان

12:54 - 30/10/2019

شاندێك له‌برى مه‌سرور بارزانى سه‌ردانى توركیا ده‌كات‌

پەیسەر

سه‌ردانه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، بۆ توركیا دواده‌كه‌وێت و له‌ئێستادا ئه‌نجامنادرێت، بڕیاره‌ شاندێك له‌ به‌رپرسه‌ حكومییه‌كانى پارتى له‌برى سه‌رۆكى حكومه‌ت سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌ بكه‌ن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى بۆ توركیا له‌م قۆناغه‌دا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى توركیا به‌فه‌رمى بانگهێشتى كردبوو بۆ توركیا. حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت شاندێك ره‌وانه‌ بكات له‌برى سه‌رۆكى حكومه‌ت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، پارتى له‌ژێر فشارى توركیادایه‌، بۆئه‌وه‌ى مه‌سرور بارزانى سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌ بكات، یاخود ئه‌و شانده‌ى كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت به‌ ئاشكرابێت و له‌پێش چاوى كامێراكان بێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئۆپۆزسۆنى توركیا دژى ده‌سه‌ڵاتى ئاكپارتى به‌كارینه‌هێنن.

بڕیاره‌ شاندێك له‌به‌رپرسه‌ حكومییه‌كانى پارتى سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌ بكه‌ن. حكومه‌تى هه‌رێم و پارتى ده‌یانه‌وێت سه‌ردانى شانده‌كه‌ به‌نهێنى بێت، توركیاش داوایكردووه‌ سه‌ردانه‌كه‌ ئاشكرابێت، به‌وپێیه‌ى پێشتر توركیا به‌فه‌رمى بانگهێشته‌كه‌ى ئاشكراكردووه‌.

په‌یسه‌ر شه‌وى رابردوو بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ له‌ناوخۆى پارتى سێ بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى بۆ توركیا، بۆچوونێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ سه‌ردانه‌كه‌ نه‌كرێت و بۆچوونێكیش پێى وایه‌ دوور له‌چاوى كامێراكان سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت، بۆچوونى سێیه‌م به‌وجۆره‌ بوو له‌برى مه‌سرور بارزانى شاندێكى حكومیى سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره‌ بكه‌ن.