کوردستان

04:40 - 29/10/2019

گۆڕان و پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر یاساى چاكسازى ناكۆكن‌

پەیسەر

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و پارتى له‌سه‌ر یاساى چاكسازى ناكۆكن، یه‌كێتیش تێبینى هه‌یه‌ و یاساكه‌ى پێ باش نییه‌. هه‌ربۆیه‌ تائێستا یاساى چاكسازى چاره‌نووسى به‌هه‌ڵپه‌سێردراوى ماوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، گۆڕان داوایكردووه‌ یاساى چاكسازى گشتگیربێت و ته‌نها مووچه‌ نه‌گرێته‌وه‌، به‌ڵكو چاكسازى وه‌به‌رهێنان و سیسته‌مى بانقى و ئه‌و كه‌رتانه‌ى دیكه‌ش بگرێته‌وه‌ كه‌ پێویستیان به‌ چاكسازییه‌.به‌ڵام پارتى تائێستا پێیوایه‌ پرۆژه‌كۆنه‌كه‌ى كابینه‌ى پێشوو به‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارییه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى یه‌كێتى، یاساكه‌ به‌ باش نازانێت و پێى وایه‌ یاساكه‌ ته‌نها دژى یه‌كێتییه‌و كوده‌تایه‌. بۆیه‌ش تائێستا یاساى چاكسازى چاره‌نووسى نادیاره‌و یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ى و چۆن په‌سه‌ندده‌كرێت.

گۆڕان هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تى یاریده‌ده‌ره‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ پارتى نیگه‌رانه‌و نیگه‌رانییه‌كانى خۆى به‌ پارتى گه‌یاندووه‌، گۆڕان ده‌ڵێت، یاریده‌ده‌ره‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌رێككه‌وتنه‌كان باس نه‌كراوه‌و كارده‌كاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى وه‌زیره‌كان و پۆست زیادكردنه‌. گۆڕان نیگه‌رانییه‌كانى به‌پارتى گه‌یاندووه‌.