کوردستان

02:20 - 26/10/2019

له‌ناو پارتى له‌سه‌ر چاره‌نووسى فواد حسێن بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌‌

پەیسەر

له‌ناوخۆى پارتى دووبۆچوونى جیاواز هه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسى فواد حسێن وه‌زیرى دارایى حكومه‌تى عێراق، به‌شێكیان پێیان وایه‌ باشتره‌ خۆى ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، بۆچوونى دیكه‌ش هه‌یه‌ پێداگرى له‌مانه‌وه‌ى ده‌كات.

په‌یسه‌ر به‌یانى ئه‌مڕۆ بڵاویكرده‌وه‌، حكومه‌تى عێراق دوو بژارده‌ى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م پارتى تا به‌زوویى گۆڕانكارییه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت. بژارده‌ى یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌، پارتى خۆى رازى بێت به‌ گۆڕینى فواد حسێن و كه‌سێكى دیكه‌ له‌ شوێنى دابنرێت، ده‌كرێت كه‌سه‌كه‌ كورد بێت به‌ڵام به‌غدا رایگه‌یاندووه‌، ده‌یانه‌وێت ئه‌و كه‌سه‌ بێلایه‌ن بێت و حزبیى نه‌بێت. پارتى تائێستا به‌م بژارده‌ رازى نه‌بووه‌. بژارده‌ى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر پارتى به‌گۆڕینى رازى نه‌بێت و خۆى ده‌ستله‌كارنه‌كێشێته‌وه‌، ئه‌وا به‌زوویى بانگهێشتى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌كرێت و متمانه‌ سه‌ندنه‌وه‌ى ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى پێى وایه‌، باشتره‌ فواد حسێن خۆى ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ى سیناریۆى لابردنى هۆشیار زێبارى وه‌زیرى پێشووى دارایى دووباره‌ ببێته‌وه‌.  نێچیرڤان بارزانى رایگه‌یاندووه‌، فواد حسێن خۆى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ رابگه‌یه‌نێت وه‌ك هه‌ڵوێستێك به‌رامبه‌ر داواكانى خۆپیشانده‌ران و به‌كارهێنانى توندوتیژى به‌رامبه‌ریان.

له‌به‌رامبه‌ردا بۆچوونى دووه‌م، بۆچوونى مه‌سرور بارزانییه‌ كه‌پێى وایه‌، پێداگرى له‌مانه‌وه‌ى فواد حسێن بكه‌ن و رازى نه‌بن به‌ داواكارى حكومه‌تى عێراق بۆ گۆڕینى، لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان خۆیان چیده‌كه‌ن بابیكه‌ن. به‌پێى زانیارییه‌كانى مه‌سعود بارزانى بۆچوونى دووه‌مى لا گونجاوتره‌.

پێنج وه‌زیر له‌ لیستى گۆڕانكارییه‌كانى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدین، فواد حسێن یه‌كێك له‌و وه‌زیرانه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان سوورن له‌سه‌ر گۆڕین و لابردنى.