کوردستان

12:51 - 25/10/2019

پارتى خۆى له‌كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى به‌دوور ده‌گرێت‌

پەیسەر

یه‌كێتى دوێنێ دواى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى، به‌فه‌رمى له‌رێگه‌ى ئه‌رسه‌لان بایزه‌وه‌ داواى كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى له‌ پارتى كردووه‌و چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى ئه‌و حزبه‌ ده‌كات، داواشى كردووه‌ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌بێت، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، پارتى له‌م قۆناغه‌دا نایه‌وێت كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى بكات له‌گه‌ڵ یه‌كێتى.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، پارتى پێى باش نییه‌ له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كۆببێته‌وه‌، هاوكات ناشیه‌وێت به‌فه‌رمى داواكارییه‌كه‌ى یه‌كێتى بۆكۆبوونه‌وه‌ ره‌تبكاته‌وه‌، چونكه‌ پارتى ده‌زانێت ده‌بێت له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ وه‌ڵامێكى یه‌كێتى بداته‌وه‌، وه‌ڵامه‌كه‌ش به‌ به‌ڵێ یاخود به‌ نه‌خێر بۆ پارتى باش نییه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان، یه‌كێتى ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك وه‌ڵامى كۆتایى پارتى بزانێت، له‌وانه‌ش، پۆسته‌كانى حكومه‌ت كه‌ پشكى یه‌كێتین تائێستا پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌، پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك كه‌ تائێستا دانه‌نراوه‌، ژماره‌ى یاریده‌ده‌ره‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ پرس به‌ لایه‌نه‌كان نه‌كراوه‌، یه‌كێتى هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌گه‌ڵ پارتى باس بكات، كه‌ بۆلادانى به‌رهه‌م ساڵح هه‌یه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى، له‌گه‌ڵ بارودۆخى عێراق و پێشهاته‌كان.

یه‌كێتى چه‌ند نیگه‌رانییه‌كى دیكه‌ى هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتى باسى بكات، ئه‌وانیش گومانى هه‌یه‌ پارتى له‌پشتى ئه‌و راپۆرته‌ى توركه‌كانه‌وه‌ بێت، كه‌ یه‌كێتى تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌هاوكارى په‌كه‌كه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ توركیا فشارێكى زۆر له‌سه‌ر یه‌كێتى درووست بكات، هه‌روه‌ها ته‌وه‌رێكى دیكه‌ كه‌ یه‌كێتى ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتى باسى بكات، پرسى رۆژئاواى كوردستانه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، له‌ناوخۆى پارتى بۆچوونیان به‌وجۆره‌یه‌، كه‌ له‌ئێستادا كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى باش نییه‌، چونكه‌ ده‌بێت وه‌ڵامێكیان بدرێته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌هه‌ركام له‌و ته‌وه‌رانه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ رازیبوون بێت، ده‌بێت پارتى رێككه‌وتنه‌كان و داواكارییه‌كان جێبه‌جێبكات، وه‌ڵامه‌كه‌شیان نه‌خێر بێت ئه‌وه‌ زیان ده‌بێت بۆ حكومه‌ت و رێككه‌وتنه‌كان، هاوكات پارتى نایه‌وێت به‌فه‌رمى داواكه‌ى یه‌كێتى ره‌تبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌شى پێ باش نییه‌.