کوردستان

10:14 - 24/10/2019

یه‌كێتى داواى كۆبوونه‌وه‌ له‌ پارتى ده‌كات‌

پەیسەر

دواى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، ئه‌و حزبه‌ به‌فه‌رمى پارتى ئاگادار كردووه‌، كه‌ پێویسته‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دووقۆڵى بكرێت و ئه‌و نیگه‌رانى و تێبینییانه‌ى هه‌یانه‌ باس بكرێن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ئه‌مڕۆ یه‌كێتى به‌فه‌رمى داواى كۆبوونه‌وه‌ى له‌ پارتى كردووه‌و ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌شى دیاریكردووه‌، یه‌كێتى رایگه‌یاندووه‌ نیگه‌رانییان هه‌یه‌ له‌ جێبه‌جێنه‌كردنى رێككه‌وتنه‌كان.

ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ى یه‌كێتى ده‌یه‌وێت باسى بكات، پۆسته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمن ئه‌و پۆستانه‌ى كه‌ خوار وه‌زیرن و یه‌كلانه‌كراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك كه‌ به‌پێى رێككه‌وتنى هه‌ردوو حزب ده‌بوو پارێزگارێكى كورد دابنرێت. تەوەرێکی دیکە کە یەکێتی دەیەوێت باسی بکات لەگەڵ پارتی زیادکردنی ژمارەی یاریدەدەرەکانی سەرۆکی حکومەتە بێ ئەوەی پرس بە لایەنەکان کرابێت.

ئه‌و هه‌وڵانه‌ى كه‌ هه‌یه‌ بۆ لادانى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمار، یه‌كێكى دیكه‌ له‌و ته‌وه‌رانه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتى ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتى باسى بكات، له‌گه‌ڵ بارودۆخى عێراق و خۆپیشاندان و پێشهاته‌كان. یه‌كێتى رایگه‌یاندووه‌، سه‌باره‌ت به‌و تێبینییانه‌ى هه‌یانه‌، ده‌یانه‌وێـت گفتوگۆ بكه‌ن و بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك.