کوردستان

11:57 - 24/10/2019

هۆكاره‌كانى نیگه‌رانى ئێران له‌ به‌رهه‌م ساڵح‌

پەیسەر

ئێرانییه‌كان له‌به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق نیگه‌رانن و له‌پشتى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ن كه‌ بۆلادانى باس ده‌كرێت، هه‌وڵێكى ناوخۆییش هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لادانى وه‌زیرى دارایى عێراق، سه‌رۆك كۆماریش لاببرێت.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، ئێرانییه‌كان له‌ رۆڵ و ئه‌داى به‌رهه‌م ساڵح نیگه‌رانن و بیرۆكه‌ى لادانیان هه‌یه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى ئه‌وه‌ش به‌چه‌ند هۆكارێك، ئێران گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى سه‌رۆك كۆمار داكۆكى له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئێران نه‌كردووه‌و لاوازبووه‌.

ئێران پێى وایه‌، سه‌رۆك كۆمار له‌ هاتنى هێزى زیاترى ئه‌مریكا بۆ عێراق هه‌ڵوێستى نه‌بووه‌، له‌كاتێكدا پارێزه‌رى سه‌روه‌رى وڵاته‌، هه‌روه‌ها ئێران پێى وایه‌ له‌بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى به‌رهه‌م ساڵح هیچ هه‌وڵێكى نه‌بووه‌ بۆ به‌رپێگرتنى و هه‌ڵوێستى بۆ پشتیوانى ئێرانییه‌كان نه‌بووه‌.

ئێرانییه‌كان هه‌روه‌ها نیگه‌رانن له‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح، له‌پرسى ره‌وانه‌كردنى نه‌وت بۆ ئوردن رۆڵى هه‌بووه‌، كه‌ ئێران ئه‌وه‌ى پێ ناخۆش بووه‌و زیان بووه‌ بۆ ئابووى ئێران، خاڵێكى دیكه‌ كه‌ ئێرانى توڕه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێرانییه‌كان پێیان وایه‌ له‌جێبه‌جێكردنى ئه‌و به‌رنامه‌ى ئه‌مریكا بۆئه‌وه‌ى عێراق پشت به‌ وزه‌ى سعودیه‌و قه‌ته‌ر ببه‌ستێت و رێككه‌وتنى ئابورى له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته‌ بكات، به‌رهه‌م ساڵح رۆڵى هه‌بووه‌و وه‌ك نێوه‌نگیرو یارمه‌تیده‌ر هاوكارى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بووه‌. راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وت بۆ ئێران خاڵێكى دیكه‌یه‌ له‌نیگه‌رانییه‌كانى ئێران.

ئێران له‌م قۆناغه‌دا بیرۆكه‌ى گۆڕینى سه‌رۆك كۆمارى عێراقى هه‌یه‌، به‌ڵام گومانى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌، كه‌ئێران له‌رێگه‌ى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ بییه‌وێت فشار بكات تا سه‌رۆك كۆمار دووربكه‌وێته‌وه‌، له‌هه‌ر نزیكییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌مرییكییه‌كان و جێبه‌جێكارى سیاسه‌تى ئێران بێت. 

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌ ئه‌گه‌رى گۆڕینى فواد حسێن وه‌زیرى دارایى راسته‌وخۆ به‌رهه‌م ساڵحیش بگۆڕدرێت، چه‌ند زانیارییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ پارتى ئه‌مه‌ى پێشنیاركردبێت، كه‌ به‌جۆرێك به‌ گۆڕینى فواد حسێن رازى ده‌بن، كه‌ راسته‌وخۆ به‌رهه‌م ساڵحیش له‌گه‌ڵیدا بگۆڕدرێت، تا واده‌رنه‌كه‌وێت ته‌نها پارتى له‌به‌غدا به‌ر گۆڕانكارى ده‌كه‌وێت و یه‌كێتى پێگه‌ى جێگیره‌ له‌به‌غدا.