کوردستان

11:06 - 24/10/2019

هه‌ڵوێستى ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینى عادل عه‌بدولمه‌هدى‌

پەیسەر

ئه‌مریكا تائێستا پشتیوانى بیرۆكه‌ى گۆڕینى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ناكات، واشنتن له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌ تا خولى داهاتوو.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، هه‌ڵوێستى فه‌رمى ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ پۆسته‌كه‌ى بمێنێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ش چه‌ند هۆكارێك هه‌یه‌.

به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر، ئه‌مریكییه‌كان پێیان وایه‌، هه‌ر كاندیدێكى دیكه‌ بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ نورى مالیكى و حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه‌ نزیكه‌، ئه‌مریكا ئه‌و دوو كاندیده‌ په‌سه‌ند ناكات. پێیان وایه‌ عه‌بدولمه‌هدى گونجاوترین كه‌سى شیعه‌كانه‌ بۆ راگرتنى هاوسه‌نگى ئه‌و هاوكێشه‌ سیاسییه‌، ئاڵۆزانه‌ى له‌ عێراق هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌مریكییه‌كان پشتیوانى عه‌بدولمه‌هدى ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێیان وایه‌ له‌بڕیاردان به‌هێزه‌و تواناى بڕیاردانى هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى، ئه‌مریكییه‌كان پشتیوانى ئه‌م بڕیاره‌ ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت سه‌ربكه‌وێت.

عادل عه‌بدولمه‌هدى تائێستاش له‌ژێرفشارى شه‌قامدایه‌ بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ گوتارێك پێشكه‌ش بكات و چه‌ند چاكسازییه‌ك رابگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ش رۆژێك به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنى ئه‌و خۆپیشاندانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ى بڕیاره‌ سبه‌ینێ هه‌ینى به‌ڕێوه‌بچێت.