کوردستان

10:22 - 24/10/2019

مەڵزوم چی بە ڕوسەكان وتووە؟‌

پەیسەر

مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە ئۆنلاین كۆنفرانسێكی سەربازیدا، لەگەڵ سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگی روسیا و بەشێك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای روسیا، دۆخی سوریا و ناوچەی ئارامیان تاوتوێكرد.

سەرەتا سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگی روسیا سڵاوی گەیاندوەتە هێزەكانی سوریای دیموكرات و داوای لە  مەزڵوم كۆبانێ كردووە زانیاری وردی بداتێ لەسەر دۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستان، وسنوری دەسەڵاتی هەسەدە.

مەزڵوم كۆبانێ لە پاش گەیاندنی سوپاس و رێزی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە وەزیری بەرگری روسیا و ناردنی پەیامی سوپاس گوزاری كورد، بۆسەرۆكی روسیا ڤلادمێر پۆتین دەربارەی دۆخی ئێستای رۆژئاوا دەدوێت و دەڵێت: لەئێستادا هێزەكانیان لە زۆربەی ناوچەكان كە رێككەوتنی لەسەر كراوە كشاونەتەوە و لەچەند ناوچەیەكیش شەر و پێشێلكاری دژی گەلی كورد ئەنجامدراوە.

لەپاش گفتوگۆكەش هێزەكانی سوریای دیموكرات راگەیەنراوێكیان لەسەر دۆخەكە بڵاو كردەوە، بەپێی راگەیەنراوەگە كە گفتوگۆی چر كراوە لەسەر كۆبونەوەكانی نێوان ڤلادمێر پۆتین و رەجەب تەیب ئەردغان.

هەروەها هاتووە، فەرماندەی گشتی هەسەدە سوپاسی سەرۆک کۆماری ڕوسیای کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکە و دوورخستنەوەی سڤیلەکان لەکارەسات.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: فەرماندەی گشتی مەزڵوم كۆبانێ  نیگەرانی خۆی لەسەر هەندێک لە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، پێویستە بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەیەكتر نزیك ببنەوە.

بەپێێ گفتوگۆی نێوانیان بێت مەزڵوم نیگەرانی هەسەدەی گەیاندووەتە روسیا لەبەرامبەر ئەوەی كە ئەو وڵاتە بێدەنگە لە بەشێك لەو پێشێلكاریانەی توركیا دەیكات دژی گەلی كورد،لە رۆژئاوی كوردستان

هەروەها هەسەدە دەشڵێت: ئەوان كار بۆ ئەوە دەكەن ناوچەكە ئارام بێت، و چەكدارانی داعش لەزیندانەكاندا بمێننەوە و هیچ هێزێكی دەرەكیش لە سوریا نەتوانێت رۆڵی گەورەی هەبێت.

راگەیەنراوەكە دەڵێت: هەسەدە داوای لەروسیا كردووە كاری جدی بكات بۆ ئەوەی توركیا لە سوریا و ناوچە كوردیەكان هێزو هەژمونی نەبێت بۆ ئەوەی پێشێلكاری بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجام نەدات.