05:29 - 23/10/2019
راپۆرتێکی بەرفراوان دەربارەی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم بڵاودەکرێتەوە
رۆژی
چوارشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور
بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن
کۆبووەوە .
لە
سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە رۆژانی
داهاتوودا و لە دوای کۆتاییهاتنی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی
کوردستان ، راپۆرتێکی بەرفراوان بڵاو دەکرێتەوە و تێیدا بە وردەکارییەوە ئاماژە بەو
کار و پڕۆژانە دەکرێت کە ئەنجام دراون و ئەوانەی نەتوانراوە ئەنجام بدرێن لە گەڵ
روونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەنجام نەدانیان. لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
گوتی حکومەت هی خەڵکە و دەبێ لە خزمەتی خەڵکدا بێت و هاووڵاتیان مافی خۆیانە بزانن
حکومەت تا ئێستا چی کردووە.
دواتر
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق و ئاماژەی بەوەدا
کە ئەوان لەگەڵ داوا رەوا و یاسایییەکانی خەڵکی خۆپێشاندەری عێراقین بەڵام بە هیچ
شێوەیەک لە گەڵ تووندوتیژیدا نین ئینجا لە هەر لایەکەوە بێت . پشتگیریش لە هەنگاوە
چاکسازییەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بەڵام داواکارین هاووڵاتیان بە شێوازێکی ئاشتیانە
داواکارییەکانیان بخەنەڕوو و دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقیش بەرپرسیارانە وەڵامی
داخوازی ئاشتیخوازانەی خۆپێشاندەران بدەنەوە .
گوتیشی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق
لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە . هەروەها هیوادارین کێشەکانی
نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی بە پێی دەستوور چارەسەربکرێن و بەغدا وەڵامێکی
ئەرێنی پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.
لە
بارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سوریاش ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
نیگەرانی خۆی لەگرژبوونی دۆخەکە نیشاندا و ئاماژەی بە لێکەوتە خراپەکانی بۆ سەر هەرێمی
کوردستان کرد کە تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر بە هۆی ئەم دۆخەوە روویان لە
هەرێمی کوردستان کردووە . روونیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێوست بێت
بۆ هاوکاریکردنیان ئەنجامی دەدات بەڵام پێویستی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتیشە کە لەمبارەیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن.
پاشان
ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێداچوونەوە بە پێکهاتەی کارگێڕی و دارایی وەزارەت
و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرد بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستا . بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا هەر وەزارەتێک لە لای
خۆیەوە بە وردیی پیداچوونەوە بە پێکهاتەی وەزارەت ودامەزراوەکانی بکات بە پێی پلان
وخشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو بە ئاراستەی زیاتر بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان
هەروەک لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە.
بڕگەیەکی
دیکەی کۆبوونەوەکە ، خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە
بوو کە لەلایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایە روو. لەمبارەیەوە
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پڕۆژەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی پەسەند بکات دوای ئەنجامدانی
چەند گۆڕانکارییەک.
ئەنجومەنی
وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی راپۆرتێکی فەرمـانگەی هەمـاهەنگی و بەدواداچوون
کرد بـۆ ڕێكخسـتنەوە و كـۆکردنەوە و هەڵگرتنی ســــەرجەم ئەو دۆکیۆمێنت و ڕێككەوتننامە
و یاداشتی لەیەکگەیشتنانەی کە لەکاتی سەردانی فەرمی شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بــــۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون
، ئەمەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تێێدا
هاتووە ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و کۆنگرە و کۆنفرانس بە پێی پێویستی دەبێت.