کوردستان

12:39 - 23/10/2019

توركیا هێزى زیاتر ده‌هێنێته‌ هه‌رێمى كوردستان‌

پەیسەر

له‌دواى ده‌ستپێكردنى هێرشه‌كانیه‌وه‌ بۆسه‌ر رۆژئاواى كوردستان، حكومه‌تى توركیا هێزى زیاترى هێناوه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان جێگیریكردوون.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، توركیا هێزه‌كانى له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر كردووه‌، هێزێكى زۆرى هێناوه‌ته‌ باشورى كوردستان. ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى و دوودڵى به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستانى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان توركیا له‌ هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌كانى سه‌ر رۆژئاواى كوردستان ناڕازییه‌و توڕه‌یى خۆى به‌هه‌رێمى كوردستان گه‌یاندووه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یام ناردنه‌ هێزه‌كانى خۆى له‌ باشورى كوردستان زیاتر كردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، حكومه‌تى هه‌رێم و به‌رپرسانى هه‌رێم مه‌ترسى جدییان هه‌یه‌ له‌وه‌ى توركیا هێز دژى هه‌رێمى كوردستان به‌كاربهێنێت، زانیارى مه‌ترسیداریش له‌ چه‌ند شوێنێكه‌وه‌ به‌هه‌رێمى كوردستان گه‌یشتووه‌، سه‌باره‌ت به‌ توڕه‌یى توركیاو زیاتركردنى هێزه‌كانى توركیا له‌ناو خاكى باشورى كوردستان هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى له‌شكركێشییه‌كانى توركیا بۆسه‌ر رۆژئاواى كوردستان. بۆیه‌ش حكومه‌تى هه‌رێم په‌یامى بۆ په‌كه‌كه‌ ره‌وانه‌كردووه‌.

په‌یامه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ په‌كه‌كه‌ به‌جۆرێكه‌، كه‌ دۆخى هه‌رێمى كوردستان له‌ قۆناغێكى هه‌ستیاردایه‌و پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ ره‌چاوى ئه‌و دۆخه‌ هه‌ستیاره‌و توڕه‌یى توركیا بكات له‌ هه‌رێمى كوردستان. په‌كه‌كه‌ ئه‌م په‌یامه‌ى هه‌رێمى به‌ هه‌ند وه‌رگرتووه‌و جموجوڵه‌كانى خۆى سنوردار كردووه‌، لەژێر ئەو فشارانەشدا هەموو راگەیەندراوە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بە نەرمی نوسران و خۆیان لە ناوهێنانی تورکیا بەدوورگرت و تەنها نیگەرانییان لە شەڕ دەربڕی.