کوردستان

02:19 - 22/10/2019

رووداوی بەردبارانكردنی سوپای ئەمریكا واشنتۆنی نیگەران كردووە‌

پەیسەر

رووداوی بەردبارانكردنی سوپای ئەمریكا، لەلایەن چەند گەنجێكی دانیشتووی قەزای خەباتی هەولێر واشنتۆنی نیگەران كردووەو نیگەرانییەكانیشی گەیاندووەتە دەسەڵاتی هەرێم.

رۆژی دوو شەممە دوای ئەوەی بەشێك لەسوپای ئەمریكا لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان بەرەو عێراق كشانەوە، لەقەزای خەبات لەلایەن چەند گەنجێك وەك دەربڕینی ناڕەزایی بەردباران كران.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەیسەرپرێس، ئەو رووداوە دەسەڵاتی ئەمریكای نیگەران كردووە، بەوەی ئەوان سەرەتا هاتوون گوڵباران كراون، بەڵام ئێستا بەردیان تێدەگیرێت.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، راستەوخۆ دوای رووداوەكە، ئەمریكا نیگەرانییەكانی بەهەرێمی كوردستان گەیاندووەو بەو هۆیەشەوە هەرێم چەند رێوشێونێكی گرتووەتە بەر، ئەوەش بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی واشنتۆن.

رێوشوێنی یەكەم، راستەوخۆ دوای رووداوەكە ئاسایشی هەولێر چوونەتە شوێنی رووداوەكەو چەند گەنجێكیان لەوانە دەستگیركردووە، بەردبارانی سوپای ئەمریكایان كردووە.

دوای ئەوەش راستەوخۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، نابێت هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ كورد نادیدە بگرن‌و تێكەڵی بڕیارێكی سیاسی بكرێن.

سوپای ئەمریكا بەفەرمانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەو وڵاتە لەرۆژئاوای كوردستان بەرەو عێراق كشانەوە، ئەوەش هێرشی سوپای توركیای بۆ سەر ناوچە كوردییەكانی لێكەوتەوە، بەو هۆیەوە خەڵكی هەرێم‌و رۆژئاوای كوردستانیش نیگەرانییان بەرانبەر ئەو وڵاتە راگەیاند.