02:09 - 22/10/2019
كۆسرەت رەسوڵ دەستبەرداری بیرۆكەی بەمەرجەع بوون دەبێت
كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی دەستبەرداری ئەو بیرۆكەیە بووە، كە وەك مەرجەعی یەكێتی لەدوای كۆنگرەوە بمێنێتەوە.
ماوەی رابردوو لەسەرو بەندی ئامادەكارییەكان بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی چەند سەركردەیەكی ناو یەكێتی پێشنیازی ئەوەیان كردبوو، كە كۆسرەت رەسوڵ خۆی بۆ پۆستی سكرتێر كاندید نەكاتو وەك مەرجەع لەناو حیزبەكەی بمێنێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو گفتوگۆكانی یەكێتی دراوە بەپەیسەرپرێس، لەسەرەتادا كۆسرەت رەسوڵ ئەو بیرۆكەی پێباش بووەو تاڕادەكیش پێی رازی بووە، بەڵام ئێستا لێی پاشگەزبووەتەوە.
هەر بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكە، كۆسرەت رەسوڵ ئێستا كار بۆ ئەوە دەكات لەكۆنگرەی چوارەمی یەكێتی خۆی بۆ پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی كاندید بكاتو هەڵبژێرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە مانگی 12ی داهاتوو یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت، كە چەند ساڵێكە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە نەتوانراوە ئەو كۆنگرەیە ببەسرێت.