کوردستان

10:11 - 21/10/2019

په‌رله‌مانتارێكی جه‌هه‌په‌ زانیارییه‌كان له‌سه‌ر راگرتنی شه‌ڕی سوریا له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

ئایكۆت ئاردۆغدو، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی توركیا له‌ پارتی گه‌لی كۆماریی (جه‌هه‌په‌) به‌ ڕۆژنامه‌ی زه‌مان-ی توركی وتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌ی بلۆككردنی سامانه‌كه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-ی سه‌رۆك كۆماری توركیای كرد، ئه‌ردۆغان ناچاربوو ده‌ستبه‌جێ ئاگربه‌ست له‌سوریا بۆ ماوه‌ی 120 كاتژمێر قبوڵبكات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی جه‌هه‌په‌ ڕونیكرده‌وه‌، ئه‌مریكا ژماره‌یه‌ك سزای به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند كه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو ئۆپه‌راسیۆنی كانی ئاشتی ڕانه‌گرێت ئه‌وا به‌وانه‌ سزایده‌دات، به‌ڵام ئه‌ردۆغان هیچ گوێی به‌و سزایانه‌ نه‌داو له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام كاتێك هه‌ڕه‌شه‌كه‌ ڕووبه‌ڕوی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی بوه‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ ئاگربه‌ستی قبوڵكرد، به‌وته‌ی ئاردۆغدو، كێشه‌كه‌ له‌بلۆككردنی سامانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان نییه‌، به‌ڵكو دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی كێشه‌ی بانكی "خه‌لق" و سه‌پاندنی سزایه‌ به‌سه‌ر ئه‌و بانكه‌دا.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی ئۆپۆزسیۆنی توركیا به‌ته‌نزه‌وه‌ ده‌شڵێت"بۆ ئه‌ردۆغان سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر توركیا و گه‌له‌كه‌یدا بۆ ئه‌ردۆغان هێنده‌ گرنگ نییه‌، به‌ڵكو سه‌روه‌ت و سامانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی به‌لایه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاسایشی نیشتمانیی توركیاوه‌".