کوردستان

07:19 - 14/10/2019

پێشهاتى نوێ سه‌باره‌ت به‌رێككه‌وتن له‌سه‌ر بوودجه‌ى هه‌رێم‌

پەیسەر

حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ره‌شنوسى یاساى بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستانى ره‌وانه‌ى حكومه‌تى عێراق كردووه‌، تا له‌ ئه‌گه‌رى رێككه‌وتن بكرێته‌ پاشكۆى یاساى بوودجه‌ى ساڵى داهاتوو.

به‌پێى بڕگه‌ى هه‌شت له‌ مادده‌ى یه‌كه‌مى، هه‌موارى نوێى یاساى (ئیداره‌ى مالى) كه‌ له‌ مانگى ئایارى ئه‌مساڵ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق په‌سه‌ندكرا، حكومه‌تى هه‌رێم ساڵانه‌ پابه‌نده‌ پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ى خۆى ره‌وانه‌ى حكومه‌تى عێراق بكات، تا بكرێته‌ پاشكۆى یاساى بوودجه‌ى فیدراڵى، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و بڕگه‌یه‌ ده‌بێت پێشوه‌خت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان په‌سه‌ندبكرێت، ئه‌وجا ره‌وانه‌ى حكومه‌تى عێراق و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكرێت، به‌ڵام په‌رله‌مانى كوردستا تا ئێستا پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ى نه‌بینیوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم ره‌شنوسى پرۆژه‌یاساى بوودجه‌ى خۆى ره‌وانه‌ى حكومه‌تى عێراق كردووه‌، تا وه‌زاره‌تى دارایى عێراق له‌گه‌ڵ پرۆژه‌یاساى فیدراڵى ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى بكات، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن پرۆژه‌كه‌ى هه‌رێم ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ناكات ئه‌گه‌ر بگه‌نه‌ رێككه‌وتن ره‌وانه‌ى ده‌كات.

سیناریۆیه‌كى دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن، پرۆژه‌كه‌ى هه‌رێم بمێنێته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ى رێكده‌كه‌ون، واته‌ له‌گه‌ڵ یاساى بوودجه‌ى عێراق په‌سه‌ندنه‌كرێت و دواتر ره‌وانه‌بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌رووى كرده‌ییه‌وه‌ ئاسان نابێت چونكه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ پێویستى به‌ هه‌موارى یاساى بوودجه‌ى عێراق ده‌بێت، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكى ئاڵۆزه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم له‌رێگه‌ى خالید شوانى، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا، په‌یامى ئاراسته‌ى حكومه‌تى عێراق كردووه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌و دانوستان، ئێستا هه‌رێم چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى به‌غدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شاندێك ره‌وانه‌ى به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بوودجه‌ دواى ئه‌وه‌ى شاندێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانى به‌غدایان كرد.