کوردستان

11:06 - 13/10/2019

نێچیرڤان بارزانى له‌سه‌ر رووماڵى رووداوه‌كانى رۆژئاوا بۆچوونى جیاوازه‌‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، بۆچوونى جیاوازى هه‌یه‌ له‌سه‌ر رووماڵى میدیاى حزبه‌كه‌ى بۆ رووداوه‌كانى رۆژئاواى كوردستان و پێی وایه‌، له‌پێناو په‌كه‌كه‌ په‌یوه‌ندى ستراتیژییان له‌گه‌ڵ توركیا خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى له‌شكركێشى و په‌لاماره‌كانى توركیا بۆسه‌ر رۆژئاواى كوردستان، میدیاكانى پارتى به‌چڕى رووماڵى رووداوه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچى پارتى په‌یوه‌ندى ستراتیژى له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، به‌ڵام رووماڵى میدیاكانى به‌ ئاڕاسته‌ى پشتیوانى كورد و ئیدانه‌ى هێرش و په‌لاماره‌كانى توركیایه‌. ئه‌وه‌ش به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له‌سه‌ر رێنمایى مه‌سعود بارزانییه‌.

راسپارده‌ى مه‌سعود بارزانى بۆ میدیاكانى حزبه‌كه‌ى ئه‌وه‌بووه‌، كه‌ له‌رووماڵه‌كانیان پشتیوانى رۆژئاواى كوردستان بكه‌ن، له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێكى حزبه‌كه‌شى مه‌ترسى ئاكامه‌كانى هێرشه‌كه‌ى بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان باسكردووه‌. په‌یسه‌ر زانیویه‌تى نێچیرڤان بارزانى پێى باش بووه‌ بێلایه‌ن بن، به‌ مه‌سعود بارزانی گوتووه‌ ئه‌وه‌ی باسده‌كرێت، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی توركیا دوای رۆژئاوا، هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر باشووری كوردستان راست نییه‌.

نێچیرڤان بارزانى پێی وایه‌، له‌پێناوی په‌كه‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. ئه‌مڕۆ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن له‌باكووری عێراق پشتیوانی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن.