کوردستان

09:19 - 13/10/2019

كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌سه‌ر داواى هه‌سه‌ده‌ بووه‌‌

پەیسەر

كشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ى ئه‌مریكا كه‌ له‌رۆژئاواى كوردستان مابوون، له‌سه‌ر داواكارى  هێزەکانی سوریای دیموکرات بووە، هه‌سه‌ده‌ به‌ فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى گوتووه‌،"مادام بەرگری ناکەن بکشێنەوە، ئێمە لەگەڵ روسیا و سوریا رێکدەکەوین".

ئه‌مڕۆ وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌مریكا، مایك ئێسپه‌ر رایگه‌یاند، ئه‌و هه‌زار سه‌ربازه‌ى كه‌ له‌باكورى سوریا ماون ده‌كشێنه‌وه‌و چیتر سه‌ربازیان له‌وێ نامێنێت. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات پێشوه‌خت داواى كشانه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌یان كردووه‌و گوتویانه‌ ئه‌گه‌ر به‌رگرى ناكه‌ن، باشتره‌ بكشێنه‌وه‌و ئه‌وان له‌گه‌ڵ روسیا رێككه‌وتن ده‌كه‌ن.

په‌یسه‌ر زانیویه‌تى، بڕیارە دوای گەیشتنی هێزی سوریا، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی عەفرین و جەرابلوس بەڕێوەبچێت ئەگەر تورکیا ئامادەنەبێت بکشێتەوە، روسیاش پشتیوانی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ده‌كات.

ئه‌مڕۆ روانگه‌ى سورى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌، زانیارى دڵنیاكه‌ره‌وه‌یان لایه‌، كه‌ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات له‌گه‌ڵ روسیا رێككه‌وتوون، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ كۆبانێ و منبج راده‌ستى هێزه‌كانى رژێمى سوریا ده‌كرێت، رێگه‌یان پێده‌درێت بچنه‌ ئه‌و ناوچانه‌.