کوردستان

09:57 - 06/10/2019

یەكێتی دەیەوێت ئاڵوگۆڕ بەپۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵەبجە بكات‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتمانی دەیەوێت ئاڵوگۆڕ بەپۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵەبجە بكات، بۆ ئەوەش داواكارییەكی خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، یەكێتی نیشتمانی بەنیازە پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەگۆڕان وەربگرێتەوە، لەبەرانبەردا دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ بزووتنەوەكە دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی لەنێوانیان هەیە، دەیەوێت لەگەڵ گۆڕان ئاڵوگۆڕ بەپۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵەبجە بكەن، بۆ ئەوەش داواكارییەكەی بەفەرمی خستووەتەڕوو.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، گۆڕان تائێستا داواكارییەكەی یەكێتی پەسەند نەكردووە، بەڵام تاوتوێی داواكارییەكەی كردووەو بۆ ئەوەش ناوی چەند كەسێك هێنراوە پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە وەربگرن، كە ناوەكان بریتین لە عەبدوڵڵا نەورۆڵی پارێزگاری پێشووی هەڵەبجەو عومەر عینایەت پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان‌و توانا وەهبی مامۆستای زانكۆی سلێمانی.

گۆڕان‌و یەكێتی ساڵی 2014 رێككەوتنێكیان واژووكرد ئەوەش بۆ دابەشكردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵەبجە، كە بەپێی رێككەوتنەكە هەر دوو ساڵ جارێك پۆستی ئەو دوو پارێزگایە لای یەكێكیان دەبێت‌و ئێستا رێككەوتنەكە هەڵپەسێراوەو كاری پێناكرێت.