کوردستان

09:34 - 16/12/2018

ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان‌

پەیسەر

بڕیار وایه‌ ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێته‌وه‌ و ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، هاوكات وه‌ڵامى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیش ده‌داته‌وه‌، كه‌ داوایكردبوو ئه‌وحزبه‌ له‌ پرسى وه‌زاره‌تى داد نه‌رمى بنوێنێت.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به‌ ئاماده‌بوونی شاندی دانوستانكاری پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌بێت و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی كاندیدانی پارتی بۆ پۆسته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌شدار ده‌بن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس گه‌یشتووه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌دا پارتی تاوتوێی دوو كۆبوونه‌وه‌ی وه‌فده‌ دانوستانكاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان ده‌كات و تیایدا، وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی یه‌كێتی له‌باره‌ی پۆست و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی كابینه‌ی داهاتوو، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان ده‌داته‌وه‌، هه‌روه‌ها وه‌ڵامی پڕۆژه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تاوتوێ ده‌كات.

هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌دا، مه‌كته‌بی سیاسی تاوتوێی به‌شداری پێكردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ كابینه‌ی نوێ ده‌كات، كه‌ پێشتر و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێشنیاری به‌شداریكردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ كابینه‌ی نۆ خستبووه‌ به‌رده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستان.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌سه‌ردانى بۆ هه‌ولێر داواى له‌ مه‌سعود بارزانى كردووه‌ كه‌ له‌سه‌ر پرسى وه‌زاره‌تى داد نه‌رمى بنوێنێت، بارزانیش گوتویه‌تى دواتر وه‌ڵامى ده‌ده‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى تاووتوێى داواكارییه‌كه‌ى حه‌لبوسى ده‌كرێت.

دوای ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌و ئاماده‌كردنی وه‌ڵامه‌كان بۆ لایه‌نه‌كان و پرسی به‌شداریكردنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌فدێك ده‌نێرێته‌ لای ئه‌و لایه‌نانه‌ و له‌گه‌ڵیان كۆده‌بێته‌وه‌.