کوردستان

04:14 - 30/09/2019

حكومه‌تی عێراق بۆ ناردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ مه‌رجی نوێی هه‌یه‌‌

پەیسەر

حكومه‌تی ناوه‌ندى عێراق، بۆ ناردنی مووچه‌ی نۆ مانگی پێشمه‌رگه‌ مه‌رجی هه‌یه‌، چاوه‌ڕێى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات، بۆ ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، حكومه‌تی فیدراڵی بۆ ناردنی موچه‌ی نۆ مانگی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، چاوه‌ڕێی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد له‌سه‌ر بودجه‌ی ٢٠٢٠ ده‌كات، ره‌وانه‌كردنی ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌ستووەته‌وه‌ به‌بوودجه‌ی ساڵی داهاتووەوە.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌بوودجه‌ی ساڵی ٢٠١٩ جێگیركراوه‌، ده‌بوایه‌ به‌غداد مانگانه‌ ٦٨ ملیار دینار بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ بكات، كه‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه‌ ده‌كاته‌ ٦١٢ ملیار دینار.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌گوترێت وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق داوای میلاكاتی پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌ بۆ ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر گوتى، له‌یاسای بوودجه‌دا باسی میلاكی پێشمه‌رگه‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵكو به‌غداد چاوه‌ڕێی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غداد ده‌كات له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی داهاتووو ئه‌گه‌ر له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا هه‌ولێر و به‌غداد بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وه‌ به‌غداد پاره‌ی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌پێی یاسای بوودجه‌ ره‌وانه‌ ده‌كات و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پاره‌كه‌ نانێرێت.