کوردستان

05:36 - 15/12/2018

دوای ره‌خنه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتی مه‌سرور بارزانی ئاماده‌ی گفتوگۆكانی كابینه‌ی نوێ ده‌بێت‌

پەیسەر

له‌ دوو كۆبوونه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، مه‌سرور بارزانی كاندیدی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كان نه‌بوو، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانی ئه‌م دوو لایه‌نه‌‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

 له‌ هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ پارتی له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌كێتی له‌ دوو رۆژی جیادا ئه‌نجامیدا، هه‌ردوو لایه‌ن پرسیاری ئه‌وه‌یان له‌وه‌فدی پارتی  كردبوو، بۆچی مه‌سرور بارزانی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نه‌بووه‌، مه‌سرور بارزانی ئه‌و ره‌خنانه‌ی پێ وتراوه‌ و ئه‌ویش رایگه‌یاندووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی لایه‌نه‌كان ئاماده‌ ده‌بێت.


رۆژی 3ی كانونی یه‌كه‌می 2018 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، ئه‌و حیزبه‌ بڕیاریدا كه‌ مه‌سرور بارزانی كاندیدی بێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.


هه‌رچه‌نده‌ پارتی بۆ دانوستانه‌كانی پێكێهانی كابینه‌كه‌ی دوو وه‌فدی دیاریكرد، كه‌ وه‌فدی سه‌ردانی لایه‌نه‌كان له‌لایه‌ن ئازاد به‌رواری سه‌رپه‌رشتی بكرێت و وه‌فدی سه‌ردانی لایه‌نه‌كانیش بۆ لای پارتی له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانییه‌وه‌ سه‌كردایه‌تی بكرێت، به‌ڵام له‌ سه‌ردانی یه‌كێتی و گۆڕان بۆ لای پارتی مه‌سرور بارزانی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نه‌بوو.