کوردستان

05:28 - 29/09/2019

ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى یه‌كێتى و یه‌كگرتوو‌

پەیسەر

یه‌كێتی نیگه‌رانییه‌كانی خۆى له‌پارتی، له‌كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووی ئیسلامی باس ده‌كات و رایگه‌یاندووه‌، به‌رپرسیارێتی تێكچوونی دۆخه‌كه‌ له‌ئه‌ستۆناگرن.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شاندێكی یه‌كێتی كه‌ پێكهاتبوون له‌ ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا و له‌تیف شێخ عومه‌ر، سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامیان كرد  له‌شاری سلێمانی و له‌گه‌ڵ شاندێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كۆبوونه‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ عومه‌ر محه‌مه‌د، محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، خه‌رامان محه‌مه‌د و عوسمان كاروانی.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، چه‌ند ته‌وه‌رێك گفتوگۆی له‌سه‌ركراوه‌ یه‌كێك له‌و ته‌وه‌رانه‌ش نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كێتی بووه‌، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی به‌ئاشكرا رایگه‌یاندووه‌، هه‌ر شتێك ڕووبدات ئه‌وان خۆیان به‌ به‌رپرسیار نازانن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، بڕیاره‌ شاندی یه‌كێتی له‌سلێمانی، له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك پارت و لایه‌نی سیاسی تریش بكات.

دوێنێ بافڵ تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم هیچ ده‌سه‌ڵاتێك به‌قوباد تاڵه‌بانی نه‌دراوه‌ راشیگه‌یاند، له‌به‌رامبه‌ر رێگری پارتی له‌مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌وانیش رێگریان له‌سه‌ركرده‌كانی پارتی كردووه‌ سه‌ردانی سلێمانی بكه‌ن.