کوردستان

04:37 - 29/09/2019

بارزانى داوایه‌ك له‌ باڵیۆزى قه‌ته‌ر ده‌كات‌

پەیسەر

باڵیۆزی قه‌ته‌ر له‌عێراق سه‌ردانی بارزانی ده‌كات، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پارتى ده‌یه‌وێت قه‌ته‌ر نێوه‌ندگیری له‌نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ بكات، بۆ چاره‌سه‌ركى مه‌له‌فى راده‌ستكردنى نه‌وت.

دوێنێ شه‌ممه‌ خالد حه‌مه‌ ئالسڵیتی، باڵیۆزی قه‌ته‌ر له‌عێراق سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی كرد، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هۆی فشاره‌كانی توركیاوه‌ ناتوانێت له‌گه‌ڵ به‌غداد رێككه‌وتن بكات و نه‌وت راده‌ست بكات، بۆیه‌ بارزانی بانگهێشتی باڵیۆزی قه‌ته‌ری كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نێوه‌ندگیری له‌نێوان هه‌ولێر و ئه‌نكه‌ره‌ بكه‌ن و توركیا به‌ راده‌ستكردنی نه‌وتی كوردستان به‌ به‌غداد رازی بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، قه‌ته‌ر ئاماده‌یی بۆ ئه‌و نێوه‌ندگیریه‌ ده‌ربڕیووه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، توركیا ده‌یه‌وێت خۆی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد بكات له‌سه‌ر نه‌وتی هه‌رێم، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌نكه‌ره‌ فشاره‌كانی له‌سه‌ر پارتی چڕكردووەته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غداد رێككه‌وتن نه‌كات و نه‌وت راده‌ستنه‌كات.

باڵیۆزی قەتەر هەر ئەمڕۆش، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کۆبووەوە، قه‌ته‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ توركیا له‌لایه‌ك و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و پارتی-ش له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌یه‌.